نەینەوا - INA - عیماد ئەمین
پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕاگەیاندنی پڕۆژەی زیندووکردنەوە و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی قەڵای پاشتابیا لە شاری مووسڵ ڕاگەیاند، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی یونسکۆ و لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی بەرنامەی "زیندووکردنەوەی ڕۆحی مووسڵ".
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتی: "لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان پاراستنی کەلەپووری شارستانی شاری مووسڵە، دوو دەستپێشخەری بۆ زیندووکردنەوەی قەڵای پاشتابیا، کە یەکێکە لە دیارترین شوێنەوارە مێژووییەکانی شارەکە، ڕاگەیەندراون؛ ئەمەش لە پێناو پاراستنی مورووسی ڕۆشنبیری و گەشەپێدانی پێکهاتە گەشتیارییەکان."
رونیشیكردەوە: "دەستپێشخەری یەکەم بریتییە لە دروستکردنی پارکێکی گەشتیاری و کات بەسەربردن بە شێوازێکی کەلەپووری لە دەوروبەری قەڵاکەدا، لەسەر ڕووبەرێک کە زیاترە لە نۆ هەزار مەتر دووجا، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی یونسکۆ لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی بەرنامەی 'زیندووکردنەوەی ڕۆحی مووسڵ'، بە شێوازێک کە بەشداربێت لە پەرەپێدانی دیمەنی شارستانی ناوچەکە و دابینکردنی فەزایەکی ڕۆشنبیری و گەشتیاری کە سەرنجی سەردانیکەران ڕابکێشێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەستپێشخەری دووەم خۆی لە ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە تەکنیکییەکان، دیزاینە ئەندازیارییەکان و خشتەی بڕە پێویستەکان دەبینێتەوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی قەڵای پاشتابیا، لە ڕێگەی تیمە ئەندازیاری و ئەکادیمییە پسپۆڕەکانەوە، بە شێوازێک کە جێبەجێکردنی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە هاوتای ئەو پێوەرە پەسەندکراوانە بێت کە بۆ پاراستنی بەها مێژوویی و شوێنەوارییەکەی شوێنەکە دیاریکراون."
قەڵای پاشتابیا بە یەکێک لە دیارترین هێما کەلەپوورییەکانی شاری مووسڵ دادەنرێت، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ١٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، و بەدرێژایی سەردەمەکان قەڵایەکی بەرگری گرنگی شارەکە بووە. پڕۆژەی زیندووکردنەوەشی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو گەڕاندنەوەی یەکێک لە گرنگترین هێما مێژووییەکانی مووسڵ، و بەهێزکردنی پێگەی شارەکە لەسەر نەخشەی گەشتوگوزاری ڕۆشنبیری لە عێراقدا.