ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دوای شەش مانگ لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران هۆشداری دەدات کە نەبوونی دادپەروەری نێودەوڵەتی بۆ کوشتنی هەزاران خۆپیشاندەر و چاودێر، دڕندەیی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر دەکات.
دیانا ئەلتەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، ڕایگەیاند دوای شەش مانگ لە کوشتنی نایاسایی هەزاران ژن و پیاو و منداڵ لە ئێران، هێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاوی کاریگەری بۆ بەدواداچوونی دادپەروەرانە نەناوە و ئەم هەنگاو هەڵنەگرتنە جێگای قبوڵ نییە.
وتیشی نابێ تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی خۆپیشاندەران لە ژێر سایەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی بشاردرێتەوە. بە ناوبراو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەهۆی نەبوونی لێپرسینەوە، بوێرتر بوون لە هەڕەشەکردن و ئەنجامدانی سەرکوتکردنی خوێناویتر لە دژی ناڕازییان.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە بە سەرنجدان لەسەر ئەوەی هیچ ئاسۆیەک بۆ دادپەروەری لە ناوخۆی ئێراندا نییە، وتی بەدواداچوون بۆ دادپەروەری دەبێ ببێتە ئەولەویەتێکی بەپەلە ودەستبەجێ.
ئەو ڕێکخراوە داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ دادپەروەری لە ئێران و ڕەوانەکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکات.