نەجەفی ئەشرەف – INA – ویسام مەلا
وێنەگرتن: عەلی غەرباوی
سائر غانمی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە لە خستنەگەڕی تەواوی ستافە تەکنیکی، ئەندازیاری و ڕاگەیاندنەکان، هاوشانی ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی ڕاستەوخۆی تۆڕەکە؛ بە ئامانجی پێشکەشکردنی ڕووماڵێکی بەرفراوان و گشتگیر کە شایستە بێت بە ئاستی بەڕێکردنی فەرمی و جەماوەریی تەرمی شەهید سەید عەلی خامنەیی.
غانمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "کادرەکانی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی زیاتر لە دوو ڕۆژە بە شێوەیەکی مەیدانی لەو شوێنانەدا ئامادەن کە بەپێی پلانە داڕێژراوەکان دەستنیشانکراون بۆ بەدواداچوونی ڕێڕەوەکانی جووڵەی بەڕێکردنی تەرمە پاکەکان"، ئاماژەشی بەوە کرد کە "ئامێر و ئۆتۆمبێلەکانی پەخشی ڕاستەوخۆ لە درێژایی ئەو ڕێڕەوانەدا خراونەتە گەڕ؛ ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی ڕووماڵێکی کاریگەر و ڕاستەقینە کە لەگەڵ مەزنیی ئەم ڕووداوەدا بگونجێت".
ڕوونی کردەوە کە "تۆڕەکە بە هەماهەنگی و هاوکارییەکی توندوتۆڵ و ڕاستەوخۆ لەگەڵ لێژنەی باڵای ڕاسپێردراو بە بەڕێکردنی تەرمەکە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی تردا کار دەکات"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیی ئەنجامداوە بۆ پشکنینی کادرەکانی تۆڕەکە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفی ئەشرەف ئامادەن، و بۆ وەستان لەسەر هەوڵە گەورەکانیان کە شایستەی ستایش و پێزانینن لە گواستنەوەی ڕووداوەکە سات بە سات"، جەختیشی کردەوە لە بەردەوامیی ئەم بەسەرکردنەوە مەیدانییانە کە لە نەجەفەوە تا کەربەلای پیرۆز درێژ دەبنەوە.
غانمی وتیشی: "قەبارەی بەشداریی جەماوەری و فەرمیی ملیۆنیی چاوەڕوانکراو، وایکردووە کە کادرانی زیادە، ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی ڕاستەوخۆ، کامێرا و ئامێری تەکنیکی لە بارەگای سەرەکۆیی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراقی و پارێزگاکانی نزیکەوە ڕابکێشرێن و بەشدارییان پێبکرێت، بۆ پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی کادرە هەواڵیی و ئەندازیارییانەی کە لە مەیدانەکەدا ئامادەن".
سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمینداران ڕوونی کردەوە کە "بە دەیان ستافی ئەندازیاری هەن، کە لە نێوانیاندا زیاتر لە 25 ئەندازیار بە شێوەیەکی مەیدانی ئامادەن، ههروهها لە کادرەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵ، ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، و پێکهاتە هاوکارەکانی تر لەسەر ئاستی فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی وێستگەکانی تۆڕەکە لە نەجەفی ئەشرەف و پارێزگاکانی دەوروبەریدا"، سوپاس و پێزانینی گەورەی خۆشی ئاڕاستەی سەرجەم دامەزراوەکانی تۆڕەکە کرد، بە تایبەتی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) و کادرە بەتواناکەی لەبەرانبەر هەوڵە نائاساییەکانیاندا.