ههولێر -INA
لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئەلبانیا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەزگای نیشتمانیی کۆمەڵگەی زانیاری و ئاژانسی ستارت ئەپی ئەو وڵاتەی بەسەرکردەوە؛ لە کۆبوونەوەکاندا پرسی گواستنەوەی ئەزموون لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد، حکوومەتی ئەلیکترۆنی و پاراستنی داتا تاوتوێ کران و لایەنی ئەلبانیش ئامادەیی بۆ ناردنی پسپۆڕانی تەکنەلۆژی بۆ هەرێم دەربڕی.
نووسینگهی راگهیاندنی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی ههرێمی كوردستانلەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه " تاڵهبانی لە دووەمین ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ ئەلبانیا، هەردوو دەزگای نیشتمانیی کۆمەڵگەی زانیاری و ئاژانسی ستارت ئەپی ئەو وڵاتەی بەسەرکردەوە و لەلایەن مارتن کاجۆ، بریکاری وەزیری ئابووری و داهێنان و ئیگلی تافا، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای نیشتمانیی کۆمەڵگەی زانیاری و ئارجان یمێری، بەڕێوەبەری ئاژانسی ستارت ئەپ ئەلبانیاوە پێشوازیی لێ کرا.
لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی سێشەممە بەڕێوەچوون، باس لە ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە گەشەپێدانی ئابووری، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کاراکردنی دامەزراوەکان کرا. هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی هاوکاری و گواستنەوەی ئەزموون و شارەزایی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئەلبانیا، بەتایبەت لە بوارەکانی حکوومەتی ئەلیکترۆنی، ژیریی دەستکرد، پاراستنی داتا و پەرەپێدانی تواناکان لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاریدا.
لەم چوارچێوەیەدا حکوومەتی ئەلبانیا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی پسپۆڕانی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکاندا.