گیدۆن سەعار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان وڵاتەکەی و لوبنان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە دەچێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەو ڕێککەوتنەی کە دوو هەفتە لەمەوبەر بە نێوەندگیریی ئەمەریکا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان کراوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی لە ئۆرشەلیم وتی ئیسرائیل هیچ تەماحێکی بۆ خاکی لوبنان نییە.
پێشتر ئەنتۆنیۆ تایانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش پشتڕاستی کردبووەوە کە دانوستانەکانی ئیسرائیل و لوبنان لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.
بە وتەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا، ئەم دانوستانانە لە ڕۆژانی 15 و 16ی مانگی حەوت لەسەر ئاستی باڵیۆزەکان بەڕێوە دەچن.
لوبنان و ئیسرائیل دوو هەفتە لەمەوبەر ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بە نێوەندگیری ئەمەریکا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیشتن بە "ئاشتی بەردەوام". واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن حیزبوڵڵا و حکومەتی ئێرانەوە دژایەتی کرا.