بەغداد - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ، کە بۆ ئاژنسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی ، تیایدا هاتووە : بە پاڵپشتی زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان و لە ڕێگەی هەماهەنگییەکی بەرز لەگەڵ هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق و فەرماندەیی کۆماندۆی هەرێمی کوردستان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-16 سێ هێرشی ئاسمانی ورد و سەرکەوتوویان لە قەزای دبس ئەنجامدا و مۆڵگەکانی پاشماوەی تیرۆریستانی داعشیان لەو ناوچەیە بەتەواوی خاپوور کرد.
ئەم گورزە ئاسمانییە لە کاتێکدایە کە دوێنێ شەممە، لەکاتی کێوماڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، پێکدادانێک لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و تیرۆریستاندا ڕوویدا، کە تێیدا تیرۆریستێک کوژرا و بەداخەوە ئەفسەرێکی هێزەکانی دژەتیرۆر بە پلەی ملازمی یەکەم شەهید بوو.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان جەختی کردەوە کە ئەو هێرشانە درێژکراوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی و هێزە ئەمنییەکانە بۆ لەناوبردنی تەواوەتی حەشارگەکانی تیرۆر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە ئۆپەراسیۆنەکان و ڕاوەدوونانی پاشماوەی تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.