بەغدا-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،محەممەد نووری، وەزیری پیشەسازی و کانزاکانی عێراق، ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی دیدارێکیدا لەگەڵ عومەر مەشعەن دەبووس، پارێزگاری ئەنبار، لەسەر پێکهێنانی تیمێکی هاوبەش بۆ وەبەرهێنان لە سامانە سروشتی و کەرەستە خاوەکانی پارێزگای ئەنبار ڕێککەوتوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پیشەسازی،کەبۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامانجی پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی وڵات ئەنجامدرا،هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی داڕشتنی دیدگایەکی ستراتیژی و دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکانی داهاتوو کردەوە، بەو پێیەی ئەنبار بە یەکێک لە گەنجینە ستراتیژییەکانی عێراق بۆ کانزا و کەرەستە خاوەکان دادەنرێت. هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پشکنینی جیۆلۆجی و بارودۆخی پیشەسازییە کانزاییەکان و میکانزمی وەبەرهێنان لە کێڵگە و کانەکان کراوە، تا لەو ڕێگەیەوە بەهای ئابووریی سەرچاوە سروشتییەکان بەرز بکرێتەوە و ژینگەیەکی لەباری وەبەرهێنان لە پارێزگاکە بڕەخسێنرێت کە هاوکات ببێتە هۆی دابینکردنی هەلی کاری بەردەوام بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و بووژاندنەوەی ئابووریی خۆجێیی.