بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیاری سەرۆک وەزیران بۆ داخستنی نووسینگەی کار لە دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەیەوێت لەبارەی ئەوەی لە ڕاسپاردەکانی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، سەبارەت بە داخستنی نووسینگەی کار لە دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان، ڕوونکردنەوە بدات.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە : ئەم هەنگاوە بە داوای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و بە نوێنەرایەتی فەرمانگەی کار و ڕاهێنانی پیشەیی ئەنجامدراوە، ئەوەش بەهۆی نەمانی پێویستی بە بەردەوامبوونی کارەکانی ئەو نووسینگەیە دوای ئەوەی سیستەمی بەدیجیتاڵکردنی ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزای هاتنەژوورەوە بۆ کرێکارانی بیانی جێبەجێکراوە.
هەروەها پشت بەستن بە سیستەمی ڤیزای ئەلیکترۆنی بۆ دەرکردنی مۆڵەتی کار بۆ کرێکارانی بیانی بەشێوەی ئەلیکترۆنی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕاسپاردەکانی حکوومەتە بۆ ئاسانکاری لە ڕێکارەکان و گۆڕانکاری دیجیتاڵی.
لە لای خۆیەوە،ئوسامە مەجید خەفاجی،بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کار و ڕاهێنانی پیشەیی،جەختی کردەوە کە پشت بەستن بەم سیستەمە بەشداری دەکات لە خێراکردنی دەرکردنی مۆڵەتەکانی کار،و ڕێکخستنی بازاڕی کار، و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ڕێنماییە یاساییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە فەرمانگەکە بەردەوامە لە چاودێریکردنی کۆمپانیا سەرپێچیکارەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان، لەگەڵ بەهێزکردنی سیستەمی چاودێری لە ڕێگەی ئامادەکردنی ڕاپۆرت و ئاماری خولی ورد کە پشتگیری لە پڕۆسەی بڕیاردان دەکات.