بەغدا – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار،جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و چەسپاندنی پێگەی بازرگانی عێراق کردەوە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار،لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا ڕایگەیاندوە : نزار ئامێدی،سەرۆک کۆمار ،لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی لە مستەفا عانی ،وەزیری بازرگانی کرد.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : لە دیدارەکەدا بارودۆخی بازرگانی تاوتوێکرا، تێیدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی سەقامگیری ئابووری و پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی کردەوە،هەروەک جەختیشی کردەوە لە سەر پێویستی بەردەوامبوون لە کارکردن و خەرجکردنی هەوڵی زیاتر بۆ پشتیوانیکردنی گەشەی ئابووری نیشتمانی و چەسپاندنی پێگەی بازرگانی عێراق.
هەروەک سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی کارکردن بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی دابینکردنی کاڵا و کەرەستە سەرەکییەکان لە چوارچێوەی بەشەخۆراکی مانگانە بە شێوەیەکی ڕێکخراو کرد، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە سەقامگیری بازاڕەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی بژێوی هاووڵاتییان، بەتایبەت ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە.
لە بەرامبەردا، وەزیری بازرگانی دیارترین پلان و ڕێکارەکانی وەزارەتەکەی بۆ دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان خستەڕوو و جەختی کردەوە لە بەردەوامی کارکردن بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دڵنیابوون لە ڕەوتی دابینکردنی بەشەخۆراک بەپێی پلانە پەسەندکراوەکان، لەگەڵ فراوانکردنی هاریکاری بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برا،و ڕاکێشانی هەلی نوێ بۆ هاوبەشی وەبەرهێنان، کە بە شێوەیەکی ئەرێنی لەسەر جوڵەی بازرگانی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ ڕەنگ دەداتەوە.