بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بە ،سومین باگشی،باڵیۆزی هیندستانی لە بەغدا ڕاگەیاند : کە حکومەت ڕێکاری کردەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە گرتووەتە بەر.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە : کە قاسم عەبوودی،ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی،پێشوازی لە سومین باگشی ،باڵیۆزی هیندستان لە بەغدا کرد.
وەک بەیاننامەکە ئاماژەی پێداوە : دیدارەکە تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاریکاری نێوان هەردوو وڵات کرد، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات و گەلانی دۆست بکات.
عەبوودی،لە میانەی دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد : کە ململانێ و جەنگەکان کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت و وڵاتانی جیهان بەگشتی هەبووە و کاریگەرییەکەیان لەسەر بەرنامە ئابووری و گەشەپێدانەکانی وڵاتان ڕەنگی داوەتەوە.
ڕوونیشیکردەوە : کە حکومەتی عەلی فالح زەیدی، ڕێکاری گرنگ و کردەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە گرتووەتە بەر، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ وەبەرهێنان،و جەختیشی کردەوە کە ئاسایشی ئابووری بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتان.
لە بەرامبەردا، باڵیۆزی هیندستان پیرۆزبایی لە عەبوودی کرد بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستەکەیەوە و دەربڕینی پەرۆشی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ بنیاتنانی پەیوەندی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ عێراق، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات.