بەغدا – INA – ئامینە سەلامی
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ژینگە ئاشکرای کرد کە جووڵەیەکی بەرفراوانی حکومی و پەرلەمانی بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و شەتولعەرەب دەستی پێکردووە، هاوکات ئاماژەی بە دەستپێکردنی پلانێکی ستراتیژی کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری سەرچاوە پیسکەرەکان.
نەجلا موحسین وائیلی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هونەری لە وەزارەتەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: کۆبوونەوەی نائاسایی و چڕوپڕ ئەنجامدراون بۆ تاوتوێکردنی پیسبوونی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و شەتولعەرەب، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی وەزارەت لایەنی بەرپرسە لە چاودێریکردنی کوالێتی ئاو.
ئاماژەشی بەوە کرد : کە یەکێک لە کۆبوونەوە گرنگەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار یووسف کلابی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی ژینگە ئەنجامدراوە.
وائیلی، ڕوونیکردەوە : وەزارەت لە کۆبوونەوەکاندا کێشە دیاریکراوەکانی خستەڕوو، ئەوەش بە پشتگیری خشتەی ورد بۆ هەر پارێزگایەک، کە ژمارەی سەرچاوەی پیسکەرەکان دیاری دەکات، جا چ ئاوەڕۆکان بن یان پیشەسازی، جگە لەو سەرچاوە پیسکەرانەی کە لە چالاکییەکانی وزەی کارەباوە دروست دەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە ئەم خستنەڕووە بایەخ و کارلێکێکی گەورەی لەلایەن لایەنە باڵاکانی دەوڵەتەوە بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیران لێکەوتەوە.
هەروەک وتیشی: دۆسیەکە بایەخێکی ئایینی بەرچاویشی بەخۆوە بینی، کە خۆی لە دەرکردنی فەتوایەک لەلایەن مەرجەعی باڵای ئایینی سەید عەلی سیستانییەوە بینییەوە، کە فرێدان و ڕشتنی هەر پاشماوەیەک یان ئاوی ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووبارەکان حەرام دەکات.
جەختیشی کردەوە : کە واقیعی پیسبوون کێشەیەکی ڕاستەقینەیە کە پەرەی سەندووە، بەتایبەتی دوای دابەزینی بڕی ئەو ئاوەی کە لە وڵاتانی سەرچاوەوە دێت.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هونەری ئاماژەی بە بوونی دەسپێشخەرییەکی هەرێمایەتی و لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کرد کە چەندین لایەن لەخۆ دەگرێت و کار بۆ باشترکردنی کوالێتی ئاوی دیجلە و فورات دەکات.
ئاماژەشی بەوە کرد : کە هەنگاوە کردەییەکان سەرەتا لە پڕۆژەکانی چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆوە دەست پێدەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرترین زیانی هەیە.
وائیلی لەبەردەوامی قسەکانیدا وتی: دەستمان بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردووە لەگەڵ ئەمینداریەتی بەغدا بۆ چارەسەرکردنی گەورەترین سەرچاوەکانی پیسبوون لە پایتەختدا.
جەختیشی کردەوە سەرەڕای ئەوەی چارەسەرکردنی پیسبوون بە تەواوی پێویستی بە پلانی ستراتیژی درێژخایەنە، بەڵام وەزارەت دەست دەکات بە ئامانجکردنی ئەو سەرچاوە پیسکەرانەی کە بڕی زۆرتر پیس دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکەیان لەسەر کوالێتی ئاو.