بەدواداچوون - INA
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ڕۆژی شەممە لە نێوان ،ڤلادیمێر پوتینی،سەرۆکی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپی ،سەرۆکی ئەمریکادا ئەنجامدرا، بە پێشنیاری لایەنی ئەمریکی بووە، و وەسفی گفتوگۆکەشی کرد بەوەی "زۆر پراکتیکی و بونیادنەرانە" بووە.
ئوشاکۆڤ، وتیشی، پوتین پیرۆزبایی جەژنی سەربەخۆیی لە ترەمپ و گەلی ئەمریکا کردووە، هەروەها هەردوو سەرکردە تاوتوێی پرسە هەنووکەییەکانی سەر مێزی کاری نێودەوڵەتییان کردووە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نوێ لە نزیکترین کاتدا.
ئاماژەی بەوەشکرد : سەرۆکی ڕووسیا لە میانی پەیوەندییەکەدا ئەوەی خستووەتە ڕوو کە بە وێنەی ڕاستەقینە"ی دۆخی گۆڕەپانی شەڕ ناوی بردووە، و جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی ڕووسیا لە درێژایی هێڵی بەرکەوتندا پێشڕەوی دەکەن، لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر ئامادەیی مۆسکۆ کردووەتەوە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری پراکتیکی بەمەبەستی بەدیهێنانی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئوشاکۆڤ ، ئاماژەی بەوەشدا کە پوتین بەبیر ترەمپی هێناوەتەوە کە ڕووسیا بەشداریی لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئەمریکادا هەبووە، هەروەها لەگەڵ ترەمپ ، جەختیان لەسەر گرنگی هاوپەیمانێتی نێوان مۆسکۆ و واشنتن لە ساڵانی جەنگی جیهانی دووەمدا کردووەتەوە.
ڕوونیشیکردەوە : کە ترەمپ بە پوتینی ڕاگەیاندووە کە ستیڤ ویتکۆف ،و جارد کوشنەر ، ئامادەن لە کاتی گونجاودا سەردانی مۆسکۆ بکەن، لە کاتێکدا پوتین جەختی کردووەتەوە کە ئەو بانگهێشتنامەیەی ئاراستەی ترەمپ، کراوە بۆ سەردانیکردنی ڕووسیا، هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیاش، ئوشاکۆڤ وتی: کیێڤ و وڵاتە ئەوروپییە پشتیوانەکانی کار لەسەر درێژەکێشانی ململانێکە و زیاترکردنی ئالۆزیەکان دەکەن.