🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

کەشتی فڕۆکەهەڵگری شارڵ دیگۆل دەگەڕێتەوە فەرەنسا؛ مینهەڵگرەکان لە هورمز ماونەتەوە

دەنگی ئەمەریکا 2026/07/04 16:08

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند کەشتی فڕۆکەهەڵگری شارل دیگۆل دوای نزیکەی دوو مانگ لە جێگیربوونی لە نزیک تەنگەی هورمز دەگەڕێتەوە بەندەری تولۆن، وتیشی بەڵام کەشتییە مین هەڵگرەکانی فەرەنسا لەو ناوچەیە دەمێننەوە و ئەگەر پێویست بکات لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن. ئەم بڕیارە دوای کەمبوونەوەی گرژییەکان لە دوای ڕێککەوتنی کاتی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی درا.

لە هەمان کاتدا بەریتانیا، فەرەنسا و عومان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند مەسقەت هاوکاری هەردوو وڵات دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاوەکانی عومان و دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە پارێزراوی.

هەروەها لەندەن و پاریس جەختیان لەوە کردەوە کە ئامادەن بۆ جێگیرکردنی ئەرکێکی فرەنەتەوەیی بۆ پشتیوانیکردن لە ئازادی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز ئەگەر پێویست بکات. لەم بەیاننامەیەدا تەنگەی هورمز بە شادەماری ژیانی ئابووری جیهان ناودێر کراوە.

ئەم ڕێککەوتنە درێژەپێدەری ئەو دەستپێشخەرییەیە کە فەرەنسا و بەریتانیا لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی 17ی مانگی چوار بە بەشداری زیاتر لە 50 وڵات بۆ پاراستنی کەشتیوانی و پاککردنەوەی مینە دەریاییەکان و گەرەنتیکردنی ئازادی کەشتیوانی لە هورمز دەستیان پێکرد.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)