بەغدا - INA
وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە شاندێکی باڵا سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کردووە بۆ تاووتوێکردنی ئاییندەی ڕێککەوتنامەی هێڵی بۆری عێراق-تورکیا و ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی هەناردەکردنی نەوت و وزەدا.
وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "شاندی کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و نەوت، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە سەردانێکی ئاستبەرزیان بۆ ئەنقەرە ئەنجامدا، بە مەبەستی تاووتوێکردنی ئاییندەی ڕێککەوتنامەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا و هاوکارییەکانی بواری وزە."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە سەردانەکەدا زنجیرەیەک دانوستان و کۆبوونەوەی تەکنیکی لەسەر ئاستی پسپۆڕان و شارەزایان بەڕێوەچوو؛ شاندی عێراقی پێکهاتبوو لە بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی نەوت، لەگەڵ ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا لایەنی تورکی لە لایەن بەرپرسان و شارەزایانی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیاوە نوێنەرایەتی دەکرا.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە شاندی عێراق، کە محەمەد حوسێن بەحرولعلوم بریکاری وەزارەتی دەرەوە و نەسیر هینداوی بریکاری وەزارەتی نەوتی تێدابوو، لەگەڵ ئالپ ئەرسلان بیرقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵیی کەرتی وزە و ڕێگاکانی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت کرا بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.
لە کۆتاییدا هاتووە کە هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژە تەکنیکی و یاساییەکان. چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغی داهاتوودا پرۆتۆکۆڵێکی جێبەجێکردن واژۆ بکرێت بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوتی عێراق، بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە مەرجێک ئەم پرۆتۆکۆڵە ببێتە هەنگاوێکی ئینتیقالی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنامەیەکی نوێ لە نێوان هەردوولادا، لە ماوەیەکدا کە لە ساڵێک زیاتر نەبێت لە دوای کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنامەی ئێستا.