بەغدا - INA
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار و مەسعوود پزیشکیان، هاوتا ئێرانییەکەی، ئەمڕۆ هەینی جەختیان لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە شەڕەکان و ڕاگرتنی قەیران و گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند: "سەرۆک کۆمار لە تارانی پایتەختی ئێران، لەگەڵ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبووەوە."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئامێدی پرسە و سەرەخۆشیی گەلی عێراقی گەیاندە گەلی ئێران بۆ شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە سەرکردە و بەرپرس و هاووڵاتیان. لای خۆشییەوە، مەسعوود پزیشکیان پیرۆزبایی لە نزار ئامێدی کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری عێراق، و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئامادەبوونی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەدا دەربڕی.
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە "پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران،پەیوەندییەکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی پێکەوەبەستراون؛ هەروەها جەختی لە گرنگیی کارکردنی هاوبەش کردەوە بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا، بەجۆرێک کە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست دابین بکات و خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەکە بکات.
هەردوو سەرۆک جەختیان لە پێویستیی کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان و ڕاگرتنی تەنگژە و گرژییەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە کردەوە، لەگەڵ پەیڕەوکردنی چارەسەری ئاشتییانە کە ئاسایشی ناوچەیی بەهێز بکات و پاڵپشتی لە خواستی گەلانی ناوچەکە بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان بکات.
سەرۆک مەسعوود پزیشکیان پێزانینی خۆی بۆ گەلی عێراق و هەستە بەرزەکانیان لە کاتی تەنگژە و جەنگەکاندا دەربڕی، و جەختی لە پەرۆشیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست