ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئەمەریکا چەند مانگێک دوای وەستاندنی ناردنی دۆلار بۆ عێراق، دووبارە دەستی بە پرۆسەکە کردووەتەوە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری عەلی زەیدی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە دوای کەمبوونەوەی گرژییە هەرێمییەکان لە ناوچەکەدا، ڕۆیشتنی دۆلار لە ئەمەریکاوە بۆ عێراق "بە شێوەیەکی بەردەوام" دەستیپێکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕۆژی پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە واشنتن لە مانگی چواردا ناردنی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار و هەندێک لایەنی هاوکارییە ئاسایشییەکانی لەگەڵ عێراق هەڵپەساردبوو. ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە کە ئەو هەنگاوە بە مەبەستی فشارخستنە سەر حکومەتی عێراق بووە دژ بە گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.
بەڵام ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆکارەکەی گێڕایەوە بۆ ئاستەنگە لۆجستیکییەکای وەک نەبوونی ئاسایشی فڕین و حەواڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی شەڕی دژ بە ئێران.
مەزهەر محەمەد ساڵح هەروەها ئاماژەی دا بە ڕێوشوێنە توندەکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی دۆلار لەو بوارانەدا بەکارناهێنرێت کە پێچەوانەی ئاسایشی نیشتمانی یان سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکان. جەختی کردەوە کە بانکی ناوەندی عێراق "بە هێزەوە" پابەندە بە ڕێنماییەکانی چاودێری نێودەوڵەتی و هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران پێشبینی کرد کە بەردەوامی بەردەستبوونی "دۆلاری فەرمی" بۆ عێراق دەبێتە هۆی بێهیوابوونی ساختەکاران و سەقامگیری بەهای دیناری عێراقی. "ئەمە بۆ خۆی بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاڵپشتیکردنی ئامانجەکانی گەشەپێدان و سەقامگیری ئابووری حکومەتی نوێی عێراق."
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هەرچەندە گواستنەوەی دۆلار دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا بڕیاری ڕاگرتنی هاوکاری و دابینکردنی بودجە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەڵنەگیراوە.
ئەم بڕیارانەی ئەمەریکا یەکێکە لە لێکەوتەکانی ڕۆڵی ئێران لە دۆخی عێراقدا. ئەمەریکا ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن تارانەوە پاڵپشتی دەکرێن بە هۆکاری کێشەکانی ناو عێراق دەزانێت.