بەغدا - INA
فالح ساری، وەزیری دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە حکومەت پابەندە بە دابینکردنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیا بیانییە باوەڕپێکراوەکان.
وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نآیردراوە، ڕایگەیاند: "فالح ساری، وەزیری دارایی، پێشوازی لە ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و نوێنەرانی چەندین کۆمپانیا و بازرگانی تورکی کرد، لە چوارچێوەی (ئەنجومەنی کارووباری عێراق-تورکیا)."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی فراوانکردنی هاوکاریی وەبەرهێنان و ئاسانکاری بۆ هاتنەناوەوەی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ ناو بازاڕی عێراق کرا، جگە لە تاووتوێکردنی ڕێگەکانی پەرەپێدانی هاوکاریی بانکی و دارایی نێوان هەردوو وڵات.
وەزیری دارایی جەختی لە پابەندبوونی حکومەتی عێراق کردەوە بۆ "دابینکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی سەلامەت و سەرنجڕاکێش، و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی پێویست بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم کۆمپانیا بیانییە باوەڕپێکراوەکان، بە جۆرێک هاوکار بێت لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی گەشەپێدانی ئابووری."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەت گرنگییەکی تایبەت بە پڕۆژە گەشەپێدانە بەردەوامەکان لە کەرتەکانی وزە، بیناسازی و تەندروستی دەدات، وەک کۆڵەکەی سەرەکیی پلانەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان." هەروەها جەختی کردەوە لەسەر "گرنگیی نوێکردنەوەی کەرتی بانکی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی بۆ ئاسانکردنی جووڵەی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی."
لای خۆیانەوە، نوێنەرانی کۆمپانیا و بازرگانانی تورکیا ئارەزووی خۆیان بۆ فراوانکردنی چالاکییە وەبەرهێنانەکانیان لە عێراق دەربڕی و جەختیان لە پەرۆشیی خۆیان کردەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان و بەشداری لە جێبەجێکردنی پڕۆژە گەشەپێدانەکاندا، بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتی دراوسێ بگەیەنێت.