نەجەفی ئەشرەف – INA– حەیدەر فەرمان
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرێکی لە گەڕەکی پیشەسازیی نەجەفی ئەشرەف ڕاگەیاند، بەبێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێ بکەوێتەوە.
عەلی تویج، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانی پارێزگاکە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "تیمەکانی بەرگری شارستانی توانییان ئاگرێک کە لە ناو یەکێک لە دوکانەکانی تایبەت بە فرۆشتنی کەرەستە تەندروستییەکان و پێداویستییەکانی ئاوەڕۆ لە گەڕەکی پیشەسازی کەوتبووەوە، کۆنتڕۆڵ بکەن؛ ئەوەش دوای وەڵامدانەوەیەکی خێرا بۆ ئەو هەواڵەی گەیشتبووە بنکەکانیان."
ڕوونیشیکردەوە، کە بە ڕێنمایی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی پارێزگاکە، زیاتر لە ١٠ تیمی ئاگرکوژێنەوە کە بە چەندین تەنکەری ئاو پشتیوانی دەکران بۆ شوێنی ڕووداوەکە جوڵێندران، و دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوە و گەمارۆدانی ئاگرەکە کرد بۆ ئەوەی ڕێگری بکەن لە بڵاوبوونەوەی تەشەنەسەندنی بۆ دوکان و بازاڕەکانی دەوروبەری.
وتەبێژی بەرگری شارستانی وتیشی، هەوڵی تیمەکان بووە هۆی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ئاگرەکە، جگە لە کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانەی گرتبووەوە کە لە ناو گەڕەکی پیشەسازیدا ڕاوەستابوون، ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی قەبارەی زیانەکان.
تویج جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی مرۆیی تۆمار نەکراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانی بەڵگەی تاوان دەستیان بە ڕێکارەکانی پشکنینی مەیدانی کردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە و سەرەتای دەستپێکردنی، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییە پێویستەکان