بەغدا - INA
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار (عەجاج ئەحمەد حەردان) پەسەند کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بە ئەنجامدانی تاوانەکانی کۆمەڵکوژی، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دەستدرێژی و کوشتنی دەستگیرکراوانی ناو پڕۆسەکانی ئەنفال تاوانبار کرا.
دادوەر سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، ڕایگەیاند: "دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی، بڕیاری سزادانی تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردانی پەسەند کرد، دوای ئەوەی بە تاوانی کۆمەڵکوژی دژی قوربانیانی ئەنفال تاوانبار کرا." ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوانبارەکە بەرپرسیار بووە لە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتیانی سڤیلی کورد کە لە پڕۆسەکانی ئەنفال ڕزگاریان ببوو.
لامی ڕوونیکردەوە، کە تاوانبارەکە لە زیندانی (نوگرە سەلمان) تاوانی ترسناکی دژی دەستگیرکراوەکان ئەنجامداوە، کە پێکهاتبوون لە برسی کردن، تینوو کردن و ئەشکەنجەدان تا مردن، جگە لە ئەنجامدانی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی دژی ژمارەیەک لە ژنان، کە ئەم کردەوانە ببنە بنەمای سەرەکیی تاوانبارکردن و سزادانی.
وتیشی: "دۆسیەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار دەکرێت بە مەبەستی پێداچوونەوە و دەرکردنی مەرسوومی کۆماری بۆ پەسەندکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە."
شایەنی باسە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ١٤ی ئایاردا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان دەرکردبوو، پاشان لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵییەوە پەسەند کرا و بەپێی ڕێکارە یاساییەکان پلەی کۆتایی و بنبڕی وەرگرت.