نێودەوڵەتی – INA
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی ناوچەیی لەگەڵ ١٢ وڵات لە بەحرەین ئەنجامدراوە بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئەمنی لە گەرووی هورمز.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرکردایەتی دیالۆگێکی ئەمنی ناوچەیی کردووە کە لەلایەن هێزی بەرگری بەحرەینەوە میوانداری کراوە، بە بەشداریکردنی سەرکردە سەربازییەکانی ١٢ وڵاتی ناوچەکە.
له بهیاننامهكهدا ئهوهیش هاتووه كه: "ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی لە بەحرەین، میسر، ئوردن، کوێت، لوبنان، عومان، قەتەر، شانشینی عەرەبی سعوودی، سووریا، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و یەمەن، تاوتوێی ژینگەی ئەمنی ئێستای ناوچەکە و دەرفەتەکانی بەهێزکردنی هاوکارییە بەرگرییەکانیان لە سەرانسەری ناوچەکەدا کردووە."
بەیاننامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو: "هەروەها سەرکردەکان جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشیان کردووەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی بازرگانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە."
لەلای خۆشییەوە، کوپەر بەپێی بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە: "ئێمە بەردەوامین لە وەستان شانبەشانی هاوبەشە ناوچەییەکانمان،" و ئاماژەی بەوەش کردووە کە "گفتوگۆکان جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشمان بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کردووەتەوە."