بەغداد – INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، باڵیۆزی کۆماری عێراق لە کۆماری نەمسا هیشام عەلەوی، نامەی متمانەی خۆی وەک باڵیۆزی نائاسایی و دەسەڵاتدار شیاوی کۆماری عێراق لە نەمسا، پێشکەش بە ئەلیکساندەر ڤان دێر بێلین، سەرۆک کۆماری نەمسا کرد.
باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، ڕایگەیاند: "باڵیۆزی کۆماری عێراق لە کۆماری نەمسا هیشام عەلەوی، لە میانی مەراسیمێکی فەرمیدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ڤییەننای پایتەخت بەڕێوەچوو، نامەی متمانەی خۆی وەک باڵیۆزی نائاسایی و دەسەڵاتدار شیاوی کۆماری عێراق لە کۆماری نەمسا، پێشکەش بە ئەلیکساندەر ڤان دێر بێلین، سەرۆک کۆماری نەمسا کرد".
بەیاننامەکە دەڵێت: "دوای ڕادەستکردنی نامەی متمانەکە، مەراسیمێکی فەرمی بەڕێوەچوو کە تێیدا سرودی نیشتمانیی کۆماری عێراق و کۆماری نەمسا لێدرا، دواتریش لە نەریتێکی پرۆتۆکۆلیدا کە گوزارشت لە ڕێزی دوولایەنەی نێوان وڵاتان دەکات و جەخت لەو پێگەیە دەکاتەوە کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان عێراق و نەمسا هەیانە، بەڕێوەبەری مەراسیمەکە و باڵیۆزی عێراق پاسەوانی شەرەفیان بەسەرکردەوە".
هەروەها هاتووە: "مەراسیمی پێشکەشکردنی نامەی متمانەکە بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا، سەرۆکی فەرمانگەی مەراسیم لە وەزارەتی دەرەوە، ڕاوێژکاری سەرۆک بۆ سیاسەتی دەرەوە، و بەڕێوەبەری مەراسیم لە نووسینگەی سەرۆک کۆمار بەڕێوەچوو، هەروەها لە لایەن باڵیۆزخانەی عێراقیشەوە ڕاوێژکار ڕەحمان لوعان، جێگری باڵیۆز ئامادەی مەراسیمەکە بوو".
ئاشكراشیكرد: "باڵیۆز، سڵاو و ڕێزی نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراقی گەیاندە سەرۆکی نەمسا، لەگەڵ هیوای تەندروستییەکی باش و بەختەوەری بۆ خۆی، و بەردەوامی پێشکەوتن و گەشەسەندن بۆ گەلی دۆستی نەمسا".
بەپێی بەیاننامەکە، باڵیۆز لە وتارێکدا جەختی لە "پەرۆشیی کۆماری عێراق کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوازەکانی لەگەڵ کۆماری نەمسا، و بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری و زانستیدا، جگە لە بەرفراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لە چوارچێوەی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە بنکەی سەرەکییان لە ڤییەننایە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمساڵ وێستگەیەکی گرنگە لە کاروانی پەیوەندییەکانی عێراق و نەمسا، چونکە هاوکاتە لەگەڵ نەود و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات"، هیوای خۆشی دەربڕی کە "قۆناغی داهاتوو شاهیدی هاوکاری و هاوبەشیی زیاتر دەبێت بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات".
لەلای خۆشییەوە، ئەلیکساندەر ڤان دێر بێلین، سەرۆک کۆماری نەمسا پێشوازی لە باڵیۆز عەلەوی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیدا، و جەختیشی لە پەرۆشیی "کۆماری نەمسا کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ کۆماری عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا".