🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەنەد: کار دەکەین بۆ گۆڕینی عێراق بۆ ناوەندێکی هەرێمی بۆ پەیوەندییەکان و ئابووری دیجیتاڵی

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/07/01 18:14

بەغداد - INA - حەسەن فەواز

وەزیری پەیوەندییەکان مستەفا سەنەد، ئەمڕۆ چوارشەممە، جەختیکردەوە: وەزارەت دیدگایەکی گرتووەتەبەر بە ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی پەیوەندییەکان، باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان، و پاڵپشتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی.

سەند، لە میانی کردنەوەی کارەکانی لووتکەی عێراق بۆ پەیوەندییەکان، لە گوتارێکدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، ڕایگەیاند: "لووتکەکە وێستگەیەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت، کەرتی تایبەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی گەشەکردنی گرنگی کەرتی پەیوەندییەکان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و بزوێنەرێکی سەرەکی بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی."

وتیشی: "وەزارەت -لەوکاتەوەی بەرپرسیارێتی گرتووەتەئەستۆ- دیدگایەکی ڕوونی داناوە کە بنەمای لەسەر پەرەپێدانی ژێرخان، بەرزکردنەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان، بەهێزکردنی کارایی ئەدای دامەزراوەیی، و ڕێکخستنی کەرتی پەیوەندییەکان بەپێی باشترین شێوازەکانە، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی گشتی بەدی بهێنێت، متمانەی هاوڵاتیان بەهێز بکات، و ژینگەیەکی ڕاکێشەر بۆ وەبەرهێنان و داهێنان بڕەخسێنێت."

ڕوونیشیکردەوە: "خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر فراوانکراون بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە شوێنە گشتییەکان و مەزارگە پیرۆزەکان بگرێتەوە، جگە لە ڕێگای زیارەتکارانی نێوان بەغداد و کەربەلای پیرۆز، نەجەفی ئەشرەف و کەربەلای پیرۆز، و پارێزگای بابیل و کەربەلای پیرۆز لە ماوەی وەرزی زیارەتی چلەدا، لەگەڵ دەروازە سنوورییەکان و ناوچەی فاو."

ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەت کاری کردووە بۆ بەرزکردنەوەی کارایی خزمەتگوزارییەکانی کێبڵی تیژڕەو (فایبەر ئۆپتیک) و زیادکردنی توانای ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکان و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت، ئەمەش لە سۆنگەی ئەو بڕوایەوە کە باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزاری دەبێت هاوتەریب بێت لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان و بارگرانینەکردنیان بە تێچووی زیادە."

سەند جەختیکردەوە: "ئەوەی تا ئەمڕۆ بەدی هاتووە، سەرەتایەک نوێنەرایەتی دەکات بۆ کاروانێک کە ئامانجی بنیاتنانی سیستەمێکی پەیوەندی دیجیتاڵی گشتگیرە کە عێراق بکاتە ناوەندێکی هەرێمی بۆ پەیوەندییەکان و وەرچەرخانی دیجیتاڵی،" و ڕوونیکردەوە: "ئەولەوییەتەکانی قۆناغی داهاتوو چڕدەبنەوە لەسەر وەبەرهێنانی پێگەی جیۆپۆلیتیکی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە ڕێڕوێکی نێودەوڵەتی بۆ جووڵەی داتاکان و ناوەندێکی هەرێمی بۆ ئاڵوگۆڕکردنیان، ئەمەش بەشدار دەبێت لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی جۆری، زیادکردنی داهاتی نیشتمانی و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەسەر نەخشەی پەیوەندییەکانی جیهان."

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)