هەمەڕەنگ – INA
کۆمپانیای ئەپڵ، ئەمڕۆ سێشەممە، گرتنەبەری میکانیزمێکی نوێی ڕاگەیاند بۆ وەشاندنی نوێکارییە ئەمنی و نەرمەکاڵاییەکان (برۆمجەیی) هەر کاتێک ئامادە بوون، لەبری چاوەڕوانکردنی خستنەڕووی وەشانە سەرەکییەکانی سیستمی iOS؛ ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی بەهێزکردنی ئاسایشی سیبرانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە تادێت زیادبووانەیە کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە پەرەپێدانی ڕێگاکانی هاککردندا (دزەکردن) هاتوونەتە ئاراوە.
کۆمپانیاکە ڕوونکردنەوەی دا کە گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، توانا دەداتە هێرشبەران بۆ پەرەپێدانی ئامرازی هێرشبەریی پێشکەوتووتر و لە کاتێکی پێوانەییدا، ئەمەش وا دەخوازێت کە ماوەی کاتیی نێوان دۆزینەوەی کەلەبەرە ئەمنییەکان (الثغرات) و گەیاندنی چاکسازییەکان بۆ ئامێری بەکارهێنەران کەم بکرێتەوە.
ئەم ئاڕاستەیە بە وەرچەرخانێک لە سیاسەتی ئەپڵدا دادەنرێت، کە پێشتر پشتی بە تێکهەڵکێشکردنی چاکسازییە ئەمنییەکان لەناو نوێکارییە سەرەکییەکانی سیستمی کارپێکردندا دەبەست، ئەوەش لە ژێر ڕۆشنایی زیادبوونی ئەو مەترسییانەی کە هێرشە سیبرانییەکانی پاڵپشتیکراو بە ژیریی دەستکرد دەیسەپێنن، کە کاتی بەردەست بۆ کۆمپانیاکان کەم دەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کەلەبەرەکان پێش ئەوەی بقۆزرێنەوە.
بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەپڵ نوێکارییە ئەمنییەکانی هاوشانی گواستنەوە لە نێوان وەشانەکانی سیستمی iOSـدا دەخستە ڕوو، وەک گواستنەوە لە وەشانی 26.5 بۆ 26.6، لەگەڵ بەردەوامبوونی گەشەپێدەران لە تاقیکردنەوەی وەشانە نوێیەکە و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان پێش وەشاندنی فەرمی.
بەڵام کۆمپانیاکە ئەمجارە بڕیاریدا نوێترین چاکسازییە ئەمنییەکان بۆ سەرجەم بەکارهێنەران دابین بکات پێش وەشاندنی تەواوەتیی وەشانی 26.6، و دووپاتیشی کردەوە کە تا ئێستا هیچ قۆستنەوەیەک بۆ ئەو کەلەبەرە ئەمنییانە تۆمار نەکراوە کە چارەسەر کراون، هاوکات جەختی لەسەر گرنگیی خێراکردنی بڵاوکردنەوەی نوێکارییە ئەمنییەکان کردەوە بۆ هاوتەریببوون لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای تواناکانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکاندا.