نەینەوا-INA – محەمەد حەداد
پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ سێشەممە، کۆنفڕانسێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان سازکرد، هاوکات جەختیشی لەسەر تەواوکاریی هەوڵە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مۆتەکەی ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی گەنجان.
فەلاح مەهدی ساڵح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە نەینەوا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە پارێزگای نەینەوا، بە چاودێریی فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا، لیوا فەلاح عەمماش جەربا، کۆنفڕانسێکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هۆڵی (البيت الأبيض) لە ناوچەی غابات سازکرد، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی خۆجێیی، فەرماندە ئەمنییەکان، سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی نەینەوا، نوێنەرانی هەردوو وەقفی سوننی و شیعی، فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە، شێخانی عەشایەر و ژمارەیەک لە کەسایەتییە فەرمی و کۆمەڵایەتییەکان".
وتیشی "لە کۆنفڕانسەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە تەواوکاریی ڕۆڵەکان هەیە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان و دامەزراوە تەندروستی، پەروەردەیی، ئاینی و ڕاگەیاندنەکاندا، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە پاراستنی کۆمەڵگە، بەتایبەتی توێژی گەنجان، و سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ئەم مۆتەکەیە".
تەئکیدیشی کردەوە کە "بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی پێشوەختە و جۆری (جۆراوجۆر) کە بەشداربوون لە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و دەستگیرکردنی برەودەران (بازرگانان) و بەکارهێنەران"، ڕوونیشیکردەوە کە "کارەکان پشت بە هەوڵی هەواڵگری و خێرایی لە بەدواداچوونی زانیارییەکان دەبەستن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردە تێکدەرە".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بەڕێوەبەرایەتییەکە کەمپینی هۆشیارکردنەوە بە هاوکاری لەگەڵ فەرمانگەکانی پەروەردە، تەندروستی، و لاوان و وەرزش جێبەجێ دەکات، کە قوتابیانی قوتابخانەکان و زانکۆکان دەکاتە ئامانج، لە سۆنگەی ئەو باوەڕەوەی کە خۆپاراستن و هۆشیاری هێڵی یەکەمی بەرگری پێکدەهێنن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا".
لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسی ڕێنوێنیی ئاینی لە وەقفی سوننی، شێخ محەمەد خالید، داوای "یەکخستنی هەوڵەکانی دامەزراوە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، چونکە بەکارهێنان و بازرگانیکردن پێیانەوە مەترسییە بۆ سەر خێزان و کۆمەڵگە، و شەریعەتی ئیسلامیش هەموو ئەو شتانە حەرام دەکات کە هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵگە و تەندروستیی تاکەکانی دەکەن"، جەختیشی لەسەر "گرنگیی پاڵپشتیکردنی دەزگا ئەمنییەکان کردەوە لە شەڕی دژ بەم مۆتەکەیەدا".
لای خۆشیەوە، سەرۆکی دەستەی پسپۆڕی لە فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا، حامید نافیع حامید، ڕوونکردنەوەی دا کە "فەرمانگەی تەندروستی بە شێوەیەکی بەردەوام بەدواداچوون بۆ میکانیزمەکانی بەخشینی ئەو دەرمانانە دەکات کە کاریگەریی عەقڵییان هەیە، و دەرمانخانەکان پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی ڕێسایە یاساییەکانی تایبەت بە بەخشینیان تەنها لە ڕێگەی ڕەچەتەی پزیشکیی فەرمییەوە، بە مەبەستی سنووردارکردنی خراپ بەکارهێنانیان و ڕێگریکردن لە گەیشتنیان بە دەستی بەکارهێنەران".
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسی هۆبەی کاروباری ئافرەتان لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی نەینەوا، دوعا خەلیل ئیسماعیل، دووپاتی کردەوە کە "بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆگرامەکانی هۆشیارکردنەوە لە ناو قوتابخانەکاندا بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و پۆلیسی کۆمەڵایەتی، جگە لە بەکارهێنانی هۆکارەکانی ڕاگەیاندن و پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە نێوان گەنجاندا سەبارەت بە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، و چەسپاندنی کولتووری خۆپاراستن لە ناو دامەزراوە پەروەردەییەکاندا".