ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی نوێنەران بودجەی ساڵی داهاتووی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جەنگ تاوتوێ دەکات و پێشبینی دەکرێت کە پرۆژە یاساکانی بودجەی هەردوو وەزارەتەکە پەسەندبکات.
لە کاتێکدا ئەنجومەنی سینات ئەم هەفتەیە کارێکی فەرمی زۆری نییە، بەڵام ئەنجومەنی نوێنەران سەرقاڵە و هەفتەیەکی پڕ لە چالاکی هەیە بۆ تاوتوێکردنی دوو بودجەی گرنگ کە ستراتیژی کاری حکومەت و پێداویستی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین دەکات.
ئەمڕۆ، دووشەممە، لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ دەکات لەسەر بودجەی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی جەنگ و ڕێوشوێن و ڕێساکانی چۆنییەتی گفتوگۆکردن و هەموارکردنی ماددەکانی پرۆژەیاساکان بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دادەنێت. پاشان لە ناوەڕاستی هەفتەدا بڕیارە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاساکانی بودجە بکەن و دەنگیان لەسەربدەن.
ئەگەر بودجەی وەزارەتی جەنگ ، کە نزیکەی زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلارە، تێبپەڕێت ئەوا دەبێتە گەورەترین بودجەی پەنتاگۆن لە مێژوودا. لەهەمان کاتدا، ئیدارەی سەرۆک ترامپ پێشنیازی کەمکردنەوە بودجەی وەزارەتی دەرەوە کردووە، لە پەنجاو یەک ملیارد دۆلارەوە بۆ سی و پێنج ملیارد دۆلار، بەڵام رەنگە کۆنگرێس بەشێوەیەکی بەرچاو بودجەی وەزارەتی دەرەوە کەمنەکاتەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە بودجەی وەزارەتی جەنگدا یارمەتی ڕاهێنان و پڕچەک کردن بۆ هێزەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام دەبن. بەڵام یارمەتی بۆ دابینکردنی موچەی پێشمەرگە هەتا ئێستا لە دەقی پرۆژەیاساکەدا نییە. هەروەها پەنتاگۆن دەیەوێت زیاتر لە سەد ملیار دۆلار بۆ پەرەپێدانی فرۆکەی بێفرکەوان و دابینکردنی چەک و تەقەمەنی خەرج بکات و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکاش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێننەوە.
وەزارەتی دەرەوە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی عێراق لە سەقامگیریی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئێران. لە سوریاش بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی یارمەتی مرۆیی و هاوکاری بۆ ئاوارەکان و سەقامگیری.
لە هەمان کاتدا، بابەتێکی تر کە نیگەرانی لەنێو ئەندامانی کۆنگرێس درووستکردوە، مەسەلەی گەڕانەوەی تورکیایە بۆ نێو بەرنامەی فڕۆکەی جەنگی F35. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆک ترامپ وتی لە میانی سەردانی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێبەرانی ناتۆ لە ئەنقەرە، لەوانەیە شتێک بکات "کە تورکیا زۆر دڵخۆش بکات."
هەروەها جێگری سەرۆک، جەی دی ڤانس، ڕایگەیاند ئیدارەی ترامپ سەرقاڵی پێداچوونەوەی بڕیاری دەرکردنی تورکیا لە بەرنامەی F35 ـە. تورکیا لە ساڵی 2019دا بە بڕیاری سەۆرک ترامپ لە بەرنامەکەی فڕۆکەی جەنگی F35 دەرکرا پاش ئەوەی سیستەمی بەرگری S-400ی ڕووسی کڕی.
ئەگەر تورکیا دووبارە بگەڕێتەوە ناو بەرنامەکە ئەوا دەتوانێت فڕۆکەی F35 بکڕێت، کە یەکێکە لە پێشکەوتوترین فڕۆکە جەنگییەکان لە جیهاندا. بەڵام زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێس دژی ئەو هەنگاوەن و نیگەرانییان هەیە و ڕەنگە نیگەرانییەکانیان ببێتە بەشێک لە ماددەکانی بودجەی بەرگری ساڵی داهاتوو.
ترسی سەرەکی کۆنگرێس ئەوەیە کە ڕووسیا لە ڕێگەی سیستەمی S-400 بتوانێت زانیاری هەستیار لەسەر تەکنەلۆژیای فڕۆکەی جەنگی F35دەستبکەوێت. بۆیە کۆنگرێس مەرجی داناوە کە گەڕانەوەی تورکیا پەیوەستە بە دەستبەرداربوونی تەواوی لە سیستەمی S-400.
لەمبارەیەوە مایک لاولەر، لە ولایەتی نیویۆرک کە پشتیوانێکی سەرۆک ترامپە وتی لەکاتێکدا تورکیا هاوپەیمانییەکی ناتۆیە سەرۆکی تورکیا ئەردۆوان چەندین جار کاری وایکردوە کە تورکیا وەک هاوبەشێکی ستراتیژی و پشتپێبەستراو دەخاتە ژێر پرسیارەوە وە هەروەها وتی کە زۆر بە توندی دژی فرۆشتنی فرۆکەی F35 بە تورکیایە.