بەغدا - INA
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەمیندارى بەغدا، عەممار مووسا کازم، جەختی کردەوە کە وەرچەرخانی دیجیتاڵی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی تەواوکارییە بۆ چەسپاندنی سیستمە زیرەکەکان و بەڕێوەبردنی دیجیتاڵی.
ئەمیندارێتی بەغدا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەمیندارى بەغدا، عەممار مووسا کازم، بەشداریی کردووە لە کۆنگرەی فەرمیی ڕاگەیاندنی کاراکردنی ئەپڵیکەیشنی دەستەی خزمەتگوزارییەکانی بەغدا، کە لە هۆتێل بابیل بەڕێوەچوو، بە ئامادەبوونی پارێزگاری بەغدا، سەرۆکی دەستەی خزمەتگوزارییەکانی بەغدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، بەڕێوەبەرانی گشتی لە ئەمیندارێتی بەغدا، لە پاڵ نوێنەرانی دامەزراوە حکومییەکان".
ئەمیندارى بەغدا لە گوتارەکەیدا لە میانی کۆنگرەکەدا، بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دووپاتی کردەوە کە "وەرچەرخانی دیجیتاڵی چیتر تەنیا بژاردەیەک نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەک کە بەهۆی پێداویستییەکانی گەشەپێدانی هاوچەرخ و هیوا و خواستی هاووڵاتییانەوە بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریی حکومیی کارامەتر، شەفافتر و خێراتر سەپێنراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەمیندارێتی بەغدا سەیری وەرچەرخانی دیجیتاڵی دەکات وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی تەواوکاری کە کار بۆ چەسپاندنی دەکات لە جومگە جیاجیاکانی کارەکەیدا، ئەمەش لە سۆنگەی باوەڕێکی نەگۆڕەوە کە داهاتووی شارەکان لەسەر بنەمای سیستمە زیرەکەکان و بەڕێوەبردنی دیجیتاڵی بنیات دەنرێت".
ڕوونیشی کردەوە کە "ئەمیندارێتی دەستی کردووە بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دیجیتاڵی، لەوانە: وەرچەرخانی ئەلیکترۆنی لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەکانی مۆڵەتی بیناسازی و تصەڕوفاتی خانوبەرە، پشتبەستن بە کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنیی پارە لە فەرمانگەی ئاوی بەغدا، لە پاڵ بەردەوامبوون لەسەر پلانە گشتگیرەکان بۆ فراوانکردنی سیستمەکانی پارەدان و وەرگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ ئەوەی سەرجەم ڕسومات، باج، غەرامە و کۆکردنەوەی پارەکان لە هەموو فەرمانگەکانی ئەمیندارێتیدا بگرێتەوە".
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "ئەمیندارێتی بەغدا، بە هەمان شێوە ئەپڵیکەیشنی (بغداد… صوت المواطن - بەغدا... دەنگی هاووڵاتی) وەک پەنجەرەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دامەزراوەی شارەوانی ڕاگرتووە، ئەمەش لە ڕێگەی پێشوازیکردن لە سکاڵا و تێبینییەکان و بەدواداچوونیان بە شێوازی ئەلیکترۆنی، بە جۆرێک کە خێرایی وەڵامدانەوە بەهێز دەکات و ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکاتەوە".
ئەمیندارى بەغدا لە کۆتاییدا "هەوڵەکانی دەستەی خزمەتگوزارییەکانی بەغدا و سەرجەم ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیەدا" بەرز نرخاند، و هیوای خواست کە "ئەم دەستپێشخەرییە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی نوێ بکات بەرەو بەهێزکردنی تەواوکاری لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، و خزمەتکردنی هاووڵاتیان وەک ئامانجی سەرەکی بمێنێتەوە کە سەرجەم هەوڵە حکومییەکانی لە پێناودا یەکدەخرێن".