بەغداد – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستی عێراق،جەختیکردەوە لە بوونی ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ سودمەندکردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە خزمەتگوزارییەکانی دڵنیایی تەندروستی.
موسەوی،لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، وتی: کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم ئەنجامدرا و تێیدا سەرجەم کۆسپ و تەگەرەکان و هەندێک وردەکاری تاوتوێکران کە دەبنە هۆی ئاسانکاری پەیوەندی لە پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە نێوان وەزارەتی تەندروستی فیدراڵ و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان.
هەروەک وتی : یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە گفتوگۆی لەسەر کراوە، دۆسیەی دەرمان و دڵنیایی تەندروستی و ئەگەری دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکانە بۆ سودمەندکردنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە هاوتای پارێزگاکانی دیکە، بەوپێیەی لە هەفتەی داهاتوودا هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا و پاشان پارێزگاکانی بەسرە و زیقار دەخرێنە بەرنامەکەوە. ووتیشی : ڕێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ وەزیری تەندروستی هەرێم کراوە بۆ دەستپێکردنی دابینکردنی پێداویستییە پێویستەکان بۆ سودمەندکردنی دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان لە خزمەتگوزارییەکانی دڵنیایی تەندروستی.
ئاماژەی بەوەشدا : کە یاساکە، لە بڕگەی دووەم و شەشەمدا، پاڵپشتی ئەم ئاراستەیە دەکات و هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە کە ڕێگری لە سودمەندکردنی پارێزگاکانی هەرێم بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی :باس لە کاراکردنەوەی نوێنەرایەتی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی دەکرێت،و لە ڕۆژی یەکەمی هاتنمان بۆ وەزارەت ڕوون بوو کە ئێمە کراوەین بەرامبەر هەموو لایەک بۆ هەر شتێک کە ببێتە هۆی کاراکردنی میکانیزمەکانی کار و بەهێزکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.