وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دوای هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لێپرسینەوە لە تاران بکرێت و بەرامبەر بە هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە، ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی ببێتەوە.
وەزارەتەکە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بە "پێشێلکردنی بە ئەنقەست و دووبارەبووەوە"ی سەروەری و ئاسایشی بەحرەین ناوبرد و وتی "ئەم جۆرە کردەوانە مەترسی لەسەر هاووڵاتیان، دانیشتوان و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکەن."
پێشتریش دەسەڵاتدارانی بەحرەین بۆ جاری دووەم ئاگادارکەرەوەی هێرشە ئاسمانییەکانیان چالاک کردبوو و داوایان لە خەڵک کردبوو کە لە نزیکترین شوێنی ئەمن پەنا بگرن.
لە هەمان کاتدا بەرپرسانی سەربازی کوەیت ڕایانگەیاندووە سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە بەرپەرچی هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان داوەتەوە.
سوپای پاسداران پێشتر بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە کوەیت و بەحرەین بە مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کاردانەوە بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمەڵێک ئامانج لە باشووری ئێران کردووەتە ئامانج.
بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە تا ئێستا هیچ هەواڵێک سەبارەت بە زیانی گیانی لە نێو هێزەکانی ئەمەریکا یان زیانێکی گەورە بە پێگەکانی ئەمریکا نەگەیشتووە.
دوابەدوای هێرشە نوێیەکانی واشنتن بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆماری ئیسلامیی بە پێشێلکردنی ئاگربەست و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبارکرد و هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ڕەنگە ئەمەریکا پەنا بۆ کردەوەی سەربازیی توندتر ببات.
هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا کاردانەوەی بەربڵاوی وڵاتانی عەرەبی لێکەوتەوەتەوە.
سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، قەتەر و ئوردن ئەو هێرشانەیان شەرمەزار کرد و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداویش بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی کەمکردنەوەی گرژییەکانیان زانیوە.
هەر لەو پێوەندییەدا وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی بەحرەین کرد و وتی "ئەم هێرشانە هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدەن."
هەروەها قەتەریش وەک یەکێک لە ناوبژیوانانی دانوستانەکانی ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بەحرەین بە توندی شەرمەزار کرد و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری بەحرەین ناو برد.