سەرچاوە فەرمییەکانی ئیسرائیل و لوبنان ڕۆژی شەممە پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری لوبنان بەردەوام بوون.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی نەباتیەی سەروو لە باشووری لوبنان لانی کەم کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
راگەیێندراوی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتنی وەزارەتەکە دوای ماوەیەکی کەم لە ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکومەتی لوبنان هات، کە باسی لەوە کردووە نەباتیەی سەروو لە لایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگییەوە کراوەتە ئامانج.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە هێرشەکانیدا بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان حەوت ئەندامی ئەو گرووپە کوژراون.
سوپای بەرگری ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاند وەلید هەنییە، جێگری فەرماندەی نوخبەی حەماس و برازای سەرکردەی پێشووی حەماس ئیسماعیل هەنییە، لە هێرشێکدا بۆ سەر غەززە کوژراوە.
ئیسرائیل دەڵێت وەلید هەنیە بەشدار بووە لە هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەر.