ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتی بنەبڕکردنی گەندەڵی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە و بە پاڵپشتی ناوخۆیی و دەرەکی بەڕێوە دەچێت، بە ئامانجی فراوانکردنی ڕەزامەندی نێودەوڵەتی و گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت و یاسا لە عێراقدا.
ئەشواق جاف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ئێستادا گەندەڵی وەک شێرپەنجە بە دامەزراوەکانی حکومەتدا بڵاوبۆتەوە، بۆیە هەڵمەتەکە زۆر گرنگە و ئەگەر بەردەوام بێت، دەتوانێت گەندەڵی و فەساد لە عێراقدا بنەبڕ بکات."
وتیشی، "پرۆسەکە پاڵپشتی دەرەکی و ناوخۆیی لە پشتە و سەرۆکوەزیران بە تەنها نییە. ئامانجیش لێی لە لایەکەوە بەدەستهێنانی متمانەی نیودەوڵەتییە و لە لایەکی تریش گەڕانەوەی متمانەیە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت لە لایەن هاووڵاتیانەوە."
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەررۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی هەڵمەتێکی "گەورەی" بنەبڕکردنی گەندەڵی لە عێراق ڕاگەیاند. لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی پێنجشەممە لە یادی عاشورا لێدوانێکی توندی لەو بارەوە داو وتی، "سازش لە هیچ گەندەڵکارێک ناکەین و بە هەموو توانایەک هەوڵ دەدەین بۆ پاراستنی عێراق و چاکسازی لە سیستەمەکەیدا."
لێدوانەکەی زەیدی دوای هەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی دامەزراوە حکومیەکان هات لەماوەکانی ڕابردووا، کە بەوهۆیەوە هەریەک لە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سەڵاحەدین و بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەستگیر کران.
دوای هەڵمەتەکانیش، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە دوو بەیاننامەی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە بە هۆی هەڵمەتەکانەوە بڕی 11 ملیۆن دۆلار و 70 موڵکی گرانبەها و 21 ئۆتۆمبێلی گرانبەها دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەروەها بە پێی میدیا عێراقیەکان، عەلی زەیدی لیستێکی ناوی ئەو بەرپرسانەی ئامادەکردووە کە لە پرسی گەندەڵی تێوەگلاون. هەرچەندە تا ئێستا لیستەکە و ناوی کەسەکان بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام دوو سەرچاوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، جگە لە بەرپرسە عێراقییەکان لیستەکە ناوی کوردیشی تێدایە.
یەکێک لەو دوو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای وت ،"لیستی ناوی گەندەڵکاران کەسایەتی سیاسی زۆر باڵای تێدایە کە ڕەنگە بۆ عێراقیەکان جێگەی شۆک بێت."
ئاماژەشی کرد، "بە دڵنیاییەوە لیستەکە ناوی کوردیشی تێدایە."
بەڵام ڕوونیان نەکردەوە ئایە کەسایەتیە کوردەکان سیاسی، حوکومی، یان کۆمەڵایەتین.
لەو بارەیەوە دکتۆرە ئەشواق جاف وتی،" هەرکەسێک گەندەڵی کردبێت یان تێوەگلابێت لە دزینی قوتی هاووڵاتیانی عێراق، دەبێت سزا بدرێت، جا لە هەر پێگەیەکی سیاسی یان هەر نەتەوەیەک بێت. ئێمە هەڵمەتەکە زۆر بە گرنگ بۆ داهاتووی عێراق و دەربازبوون لەو شێرپەنجەیە دەزانین کە چەندین ساڵە بە دەستیەوە دەناڵێنێت."