وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بڵاوکردەوە، تێیدا جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بۆ ئاسایشی ناوچەکە.
ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی وەزاری لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ روبیۆ و وەزیری دەرەوەی بەحرەین عەبولەتیف بن ڕاشید زەینی ئەنجام درا، وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بەشدار بوون، وە دواتر بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
سەبارەت بە ئێران، بەیاننامەکە پێشوازی لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران کردووە و جەختیان لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و ڕێگری لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن ئێرانەوە.
وەزیرانی دەرەوە پێداگر بوون لەسەر کردنەوەی تەنگەی هورمز بەبێ سەرانە.
هەروەها "وەزیرەکان زیاتر جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتی و ئاسایشی بەردەوامی ناوچەکە پێویستی بە چارەسەرکردنی تەواوی هەڕەشەکانی ئێران هەیە، لەوانەش موشەکی بالیستی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پشتیوانی ئێران لە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا."
لە بەیننامە هاوبەشەکەدا جەخت کراوەتەوە لە دابینکردنی هاوکاری بۆ حکومەتی سوریا و پشتگیریکردن لە حکومەتی لوبنان دور لە دەستەڵاتی گرووپە چەکدارەکان. هەروەها پشتگیری کراوە لە پلانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ چارەسەرکردنی پرسی غەززە.
سەبارەت بە عێراق، وەزیرەکان ئیدانەی هێرشی گرووپە شیعەکانی سەر بە ئێرانیان کرد بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ڕایانگەیاند حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە خاکی عێراق.
هەروەها داوایان لە عێراق کرد ڕێز لە سەروەری خاکی کوەیت بگرێت، بە تایبەت لە پرسی سنورە ئاوییەکان.