🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

عێراق و سووریا تاوتوێی یەکخستنی دیدگا هونەرییەکان دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئاوی فوڕات و بەهێزکردنی هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/24 20:50

ئەنبار – INA - ئەحمەد دلێمی

لیژنە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و سووریا، ئەمڕۆ چوارشەممە، تاوتوێی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تەحەددییەکانی ئاو و بەدیهێنانی بەڕێوەبردنێکی باشتر بۆ سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات، کرد.

بریکاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان رائید جەشعەمی، لە کاتی پێشوازیکردنی لە شاندێکی هونەریی کۆماری عەرەبی سووریا لە بەنداوی حەدیسە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "سەردانی شاندە سوورییەکە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هاوکارییە لە بواری بەڕێوەبردنی ئاودا"، ڕوونیشیکردەوە کە "عێراق و ناوچەکە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی شەپۆلەکانی وشکەساڵی و دابەزینی داهاتی ئاوەوە، ڕووبەڕووی تەحەددی گەورە بوونەتەوە".

وتیشی: "هەماهەنگی نێوان کادیرە هونەرییەکانی عێراق و سووریا هاوکار بووە لە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان و سوودوەرگرتن لەو فراوانییەی ئاو کە وەرزی ئێستا بەخۆیەوەی بینیوە"، ئاماژەی بەوەشکرد "سەردانەکە دەرفەتێکە بۆ گۆڕینەوەی ئەزموونە هونەری و کارگێڕییەکان و بونیادنانی هەڵوێستێکی هاوبەش بەرامبەر بە مەلەفی ئاو لەگەڵ وڵاتی سەرچاوە کە تورکیایە".

بریکاری وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "ڕێژەی بەردانەوەی ئێستای ئاو بەراورد بەو ڕێژانەی کە داواکراون لە ٥٥٪ تێپەڕ ناکات، لەگەڵ بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ زۆرترین سوودوەرگرتن لە سەرچاوە بەردەستەکان لە ماوەی وەرزی هاویندا".

لای خۆشییەوە، سەرۆکی شاندی سووری، ئوسامە ئەبو زەید، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، سوپاسی خۆی بۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دەربڕی لەسەر بانگهێشتنامەکە، و جەختی کردەوە کە "هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات گرنگییەکی ستراتیژی هاوبەشیان بۆ هەردوو وڵات هەیە، و یەکخستنی دیدگای هونەری هاوکار دەبێت لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی عێراق و سووریا".

ئاماژەی بەوەش دا: کە "شاندە سوورییەکە لە ماوەی سەردانەکەیدا ئاگاداری بەنداوەکان، کۆگاکانی ئاو، سەنتەری نیشتمانی بۆ سەرچاوە ئاوییەکان و ئەزموونەکانی عێراق بووە لە بەڕێوەبردن و کارپێکردنی بەنداوەکاندا"، جەختیشی لەسەر "گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەکانی لیژنە هونەرییە سێقۆڵییەکانی نێوان عێراق، سووریا و تورکیا".

ڕوونیشیکردەوە: "ڕێککەوتننامە ئاوییەکانی پێشوو هێشتا پشتیان پێ دەبەسترێت، لەوانەش ڕێککەوتنی ساڵی ١٩٨٠ کە دەقەکەی دەڵێت دەبێت لە لایەنی تورکییەوە ٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەربدرێتەوە، کە بە ڕێژەی ٥٨٪ بۆ عێراق و ٤٢٪ بۆ سووریا دابەش دەکرێت"، وتیشی: "ساڵانی ڕابردوو شاهیدی دابەزینی بەردانەوەی ئاو بوون، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاو و تێکچوونی جۆرایەتییەکەی".

هەردوولا جەختیانکردەوە کە "لیژنە هونەرییە هاوبەشەکان بەردەوام دەبن لەسەر هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی تەحەددییەکانی ئاو و بەدیهێنانی بەڕێوەبردنێکی باشتر بۆ سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)