بەغداد-INA- عودەی عەبادی
لە لایەن دەزگای کاروباری ڕۆشنبیریی گشتیی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، ئەمڕۆ سێشەممە، لە چوارچێوەی زنجیرە کتێبی شیعردا، کۆمەڵە شیعرێکی نوێی شاعیر "حەمەد شەهاب ئەلئەنباری" لەژێر ناونیشانی "أرعى النجوم" (ئەستێرەکان دەلاوێنمەوە / چاودێریی ئەستێرەکان دەکەم) بڵاوکرایەوە.
کۆمەڵە شیعرەکە زیاتر لە ١٨٠ شیعر لەخۆدەگرێت کە هەمەجۆرن لە نێوان شیعری عەموودی (کلاسیک)، شیعری (هاوچەرخ) و دەقە پەخشانەییەکاندا؛ کتێبەکە لە ٣٦٩ لاپەڕەی قەبارە گەورەدا چاپکراوە و ئەزموونێکی شیعریی نێوان ساڵانی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٤ بەدۆکیۆمێنت دەکات، کە لە ناوەڕۆکەکەیدا پرسیارەکانی غوربەت، ناسنامە و بیرکردنی نیشتمانی هەڵگرتووە، هاوکات گۆڕانکارییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی تێدا بەبیرهێنراوەتەوە کە شاعیر لەو قۆناغەدا تێیدا ژیاوە.
ئەم کۆمەڵە شیعرە بە ناونیشانە چڕ و کورتەکانی جیادەکرێتەوە کە زۆرجار لە وشەیەک یان دوو وشە پێکدێن، لە بەرامبەردا دەقە شیعرییەکان دەوڵەمەندن بە تێڕامان، وێنەی شیعری و مانا قووڵەکان؛ بەوپێیەی بابەتەکانی جیابوونەوە، گۆشەگیری، خۆڕاگری و گێڕانەوەی یادەوەریی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی دەخاتە ڕوو، جگە لە ئامادەیی شار و نیشتمان وەک فەزایەکی ویژدانی و ڕۆشنبیری کە لە سنوورەکانی شوێن تێدەپەڕێت.
ناونیشانی کۆمەڵە شیعرەکە "أرعى النجوم" دیدگایەکی شیعریی هەڵگرتووە کە هیوا لە ناو جەرگەی تاریکیدا دەهێنێتە کایەوە، بەشێوەیەک کە شیعر تێیدا دەگۆڕێت بۆ کردەوەیەکی بەرگری و پاراستنی یادەوەری، و دەبێتە ڕووبەرێکی فراوان بۆ گێڕانەوەی پەیوەندیی مرۆڤ بە شوێن، کات و خودی خۆیەوە.