بەغداد – INA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، پێشوازی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی نەبیل فەهمی وەک ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی دەربڕی.
وەزارەتەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : کۆماری عێراق پێشوازی دەکات لە پەسەندکردنی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزاری، لە میانی خولی ئاسایی ژمارە (١٦٥)ی خۆیدا کە لە عەمانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، بۆ دەستنیشانکردنی نەبیل فەهمی وەک ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی بۆ ماوەی پێنج ساڵ، کە لە یەکی تەممووزی ٢٠٢٦ەوە دەستپێدەکات، ئەمەش بە کۆدەنگی وڵاتانی ئەندام و بە ڕاسپاردەی سەرکردە عەرەبەکان.
وەزارەتەکە جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمینداری گشتیی نوێ، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە بەهێزکردنی کاری هاوبەشی عەرەبی، گەشەپێدانی میکانیزمەکانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی، و پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان بەدیهێنانی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەپێدانە لە ناوچەکەدا.
هەروەها وەزارەتەکە سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی پێشووی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبو غەیت کرد، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵ و بەشدارییەکانی لە خزمەتکردنی دۆسیەکانی نەتەوەی عەرەبی و بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمکاری عەرەبی لە ماوەی وەرگرتنی پۆستەکەیدا. ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق، وەک یەکێک لە وڵاتە دامەزرێنەرەکانی کۆمکاری عەرەبی، پابەندبوونی خۆی بە پاڵپشتیکردنی کۆمکارەکە و دامەزراوەکانی دووپات دەکاتەوە، و پەرۆشە بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لە بەهێزکردنی هاوپشتی عەرەبی و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وڵاتان و گەلانی عەرەب.