🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

خەزێنەی ئەمەریکا مۆڵەتی دوو مانگە بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێران دەردەکات

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/22 19:26

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بە پشتبەستن بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران، مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی بۆ تاران دەرکردووە.

ئەم مۆڵەتە گشتییە بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە 21ی مانگی شەشەوە بۆ ماوەی دوو مانگ و تا کۆتایی 21ی مانگی هەشتی ئەمساڵ کارا دەبێت.

بە پشتبەستن بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە هەفتەی ڕابردوو واژۆ کرا، ئیدارەی ترامپ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون بۆ فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران.

بەم شێوەیە ئێران لانیکەم دوو مانگی هەیە بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی و داهاتەکەشی لە بانکی ناوەندی ئێران وەردەگرێت.

ئەم مۆڵەتە هاوردەکردنی نەوتی ئێرانیش بۆ ئەمەریکا دەگرێتەوە. تەنها دوو وڵات کۆریای باکوور و کوبا سوود لەم مۆڵەتە وەرناگرن.

کاتژمێرێک پێشتر عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا ڕایگەیاند ئێران سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی مۆڵەتی پێویست بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و ئازادکردنی بەشێک لە سەروەت و سامانە بەستووەکانی و بەرنامەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ ئێران دەستیپێکردووە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوەندگیران و پەیامەکەی عەراقچی، نرخی نەوتی خاوی برێنت لە دەریای باکوور زیاتر لە دۆلارێک دابەزی و گەیشتە 79 دۆلار و 44 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)