پ.د. شێرزاد زەکەریا محەمەد
کاتێک ناوی هەڵەبجە دەهێنرێت، یەکسەر یادەوەری یەکێک لە قێزەونترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ بەبیردەهێنێتەوە؛ کاتێک شارەکە لە ساڵی ١٩٨٨دا بەر شاڵاوی بۆردوومانی چەکی کیمیایی کەوت و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی بێتاوان شەهید بوون و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. ئەوە تاوانێک بوو کە خەڵکانی سادەی کردە ئامانج، کە هیچ گوناهێکیان نەبوو تەنیا ئەوە نەبێت خۆیان لەبەردەم ڕەحمەتی ڕژێمێکی دکتاتۆری و سەرەڕۆدا بینییەوە، کە سڵوتبوونەوەی نەدەکرد لە بەکارهێنانی دڕندەترین هۆکاری کوشتن و کۆمەڵکوژی دژی نەیارەکانی.
سەڕەڕای قەبارەی ئەو تراژیدیایەی کە هەڵەبجە چەشتی، بەڵام ڕۆڵەکانی ڕێگەیان نەدا برینەکان بەها مرۆییەکانیان لێ زەوت بکەن. ئەمەش بە ڕوونی لەو هەڵوێستە جوامێرانەیەدا ڕەنگی دایەوە کە خەڵکی شارەکە نیشانیاندا بەرامبەر بە کۆستی منداڵە عێراقییەکە (ڕوقیە) کە خەڵکی کەربەلا بوو و لە یەکێک لە هاوینەهوارەکانی هەڵەبجەدا خنکا. دانیشتوانی شارەکە بە هەموو هەستی هاوسۆزی و بەرپرسیارێتییەوە بە هانایەوە چوون، و نموونەیەکی بەرزیان لە واتا و چەمکی برایەتی مرۆیی پێشکەش کرد کە سنووری هەموو سەرناو و جیاوازییەکان دەبەزێنێت.
ئەم هەڵوێستە بۆ شارێک کە خۆی تامی ئازار و لەدەستدانی چەشتبێت، نامۆ نییە. ئەوەی تاڵی کارەساتی چەشتبێت، زیاتر لە هەر کەسێکی تر نرخی هاوپشتی لەگەڵ ئەوانی تردا دەزانێت. لەبەر ئەوە، خەڵکی هەڵەبجە تەنیا بە چاوی مرۆڤایەتی و خۆشەویستییەوە سەیری ئەو منداڵە و خانەوادەکەیان کرد، و سەلماندیان کە ئەو بەستەرانەی عێراقییەکان کۆدەکاتەوە، زۆر بەهێزترن لە هەموو هەوڵەکانی لێکترازان.
لێرەشەوە، کۆستی منداڵەکە (ڕوقیە) پەیامێکی گرنگ ئاڕاستەی ئەو کەسانە دەکات کە هەوڵی خۆشکردنی ئاگری فیتنە لە نێوان عەرەب و کورددا دەدەن، یان دەیانەوێت تۆمەت و پێشوەختە حوکمدان بڵاوبکەنەوە. ئەم ڕووداوە نیشانی دا کە بەهاکانی تەبایی و بەزەیی هێشتا لە ویژدانی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانەدا زیندوون، و مرۆڤایەتی هەمیشە دەتوانێت بەسەر وتاری ڕقو کینە و دابەشبووندا سەربکەوێت.
هەڵەبجە جارێکی دیکە وانەیەکی قووڵی پێشکەش کرد؛ وەک چۆن بووە سیمبولی مەزڵوومیەت و خۆڕاگری، بە هەمان شێوەش سەلماندی کە سیمبولی مرۆڤایەتی و برایەتییە، و داهاتووی عێراقیش ناتوانرێت بنیات بنرێت مەگەر لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە، خۆشەویستی و هاوپشتی لە نێوان سەرجەم پێکهاتەکانیدا.