بەدواداچوون – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئێران، ئاشکرای کرد کە شاندەکە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، شوێنی دانوستانەکانی بەجێهێشتووە.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە بڵاویکردەوە: شاندەکە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هەڕەشەکانی ترەمپ، شوێنی دانوستانەکانی لە بۆرگنشتۆک بەجێهێشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە،دۆناڵد ترەمپی،سەرۆکی ئەمریکا، زنجیرەیەک لێدوانی توندی لەبارەی ئێرانەوە دا و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێگری لە گەڕانەوەی دانوستانکارە ئێرانییەکان بۆ وڵاتەکەیان بکرێت.
ترەمپ،لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" وتی، پێویستە سەرنجەکان لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بێت، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە بزووتنەوەی حەماس لە ئێستادا لە غەززە کێشەیەکی ئەوتۆ دروست ناکات.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئەمریکا لەوانەیە باج بەسەر تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا بسەپێنێت، لەگەڵ ئەگەری کۆنترۆڵکردنی گەرووەکە ئەگەر پێویست بکات.
ترەمپ؛وتیشی کە واشنتۆن لەوانەیە ببێتە فریشتەی پاسەوان بۆ گەرووەکە و ڕێژەیەک لە داهاتی نەوت وەربگرێت، هەروەها هۆشداریدا کە داخستنی لەلایەن ئێرانەوە لەوانەیە ببێتە هۆی لەناوبردنی ئەو وڵاتە.