بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان ڕۆژی یەکشەممە 21ی مانگی شەش، گرووپی تایبەتی چاودێری دارایی (FATF) کە یەکێکە لە گرنگترین دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کە لەلایەن گروپی حەوتەوە (G7) بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستی و تاوانە داراییەکانی دیکە دامەزراوە، جارێکی دیکە عێراقی خستەوە نێو "لیستی خۆڵەمێشی" خۆیەوە. عێراق لە ساڵی 2018 لە لیستەکە لابرابوو.
ئەم هەنگاوەی ئێف ئەی تی ئێف دەتوانێت تێچووی گواستنەوەی پارە بۆ عێراق یان لە عێراقەوە بۆ شوێنی دیکە بەرز بکاتەوە و وەبەرهێنانی بیانی کەم بکاتەوە و نرخی دراوی بیانی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕی ڕەشدا بەرز بکاتەوە و هەروەها وەرگرتنی قەرز لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان قورس بکات.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە عێراق لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمزەوە ڕووبەڕووی کەمیی دراوی بیانی بووەتەوە، هەروەها کێشەیەکی زۆری هەیە بۆ قەرزکردن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەلعەرەبییە، عێراق لە مانگی دووی ئەمساڵەوە تا سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ زیاتر لە 350 ملیۆن بەرمیل هەناردەی نەوتی لەدەستداوە، کە بەهاکەی نزیکەی 38 ملیار دۆلار بووە.
هەر لەو پێوەندییەدا و لەگەڵ خراپتربوونی ڕەوشی دارایی عێراق، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵاتەکە، عەلی عەللاق، سەرۆکی بانکی ناوەندی لە کارەکەی دوورخستەوە و لە شوێنیدا نزار ناسر، سەرۆکی ڕێکخراوی دژە سپیکردنەوەی پارەی وەک سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندی عێراقی داناوە.
ئێستا لەگەڵ دانانی عێراق لە لیستی خۆڵەمێشی گرووپی تایبەتی چاودێری دارایی، تەنها هەنگاوێک ماوە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بخرێتە لیستی ڕەشی ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە گرنگەوە کە دەتوانێت هەموو گواستنەوە داراییەکان بۆ وڵاتەکە بوەستێنێت و ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری زۆر مەترسیدار ببێتەوە.
گرووپی تایبەتی چاودێری دارایی (FATF) دوو لیستی سەرەکی هەیە: لیستی خۆڵەمێشی و لیستی ڕەش؛ لیستی خۆڵەمێشی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە کەموکوڕییان هەیە لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆریستی بەڵام هاوکاری دەکەن بۆ چارەسەرکردنیان، لە کاتێکدا لیستی ڕەش ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە بەهۆی مەترسی دارایی زۆر و هاوکارییەکی کەم لەگەڵ FATF ڕووبەڕووی توندترین سنووردارکردن و فشارە داراییە نێودەوڵەتییەکان دەبنەوە.