سلێمانی – INA
ئەمرۆ یەک شەممە،نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی پێنجەمی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالان لە شاری سلێمانی، جەختی لەسەر ئیرادەی جیدی بۆ سەرخستنی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە و ڕایگەیاند: یەکگرتوویی پێشمەرگە، گەرەنتی و بنەمایەکی سەرەکیی پاراستنی مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێم، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : بارزانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە سەرەڕای هەنگاوە باشەکان، بەڵام پێویستە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکان خێراتر بکرێت وتیاید وتشی : هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئێمە بە ئیرادەیەکی جیدی و بەهێزەوە بەردەوام دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرخستنی ئەم پرۆسە چارەنووسسازە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی بەهێزی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقە و پێویستە حکوومەتی فیدراڵیش ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی بەرامبەر بە پێشمەرگە جێبەجێ بکات، بەتایبەتی لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و پێداویستییە سەربازییەکان، چونکە بە گوتەی سەرۆکی هەرێم : پێشمەرگە پارێزەری ئاشتی،و ئاسایش و سەقامگیریی هەموو عێراقە.
بارزانی هیوای خواست لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتنی دوولایەنە، هاوکاریی زیاتر لەگەڵ حکوومەتی سەرۆکوەزیران "عەلی فالح زەیدی" هەبێت، بۆ ئەوەی ئاوەدانی و پێشکەوتن بۆ سەرجەم عێراق مسۆگەر بکرێت، جەختیشی کردەوە کە چارەنووسی هەرێم و بەغدا بەیەکەوەیە.
هەر لە درێژەی وتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی، ڕێنمایی ئەفسەرە دەرچووەکانی کرد کە پارێزەری چەمکەکانی پێکەوەژیان،و دیموکراسی و ئازادییەکان بن و هۆشداری دا لەوەی هیچ کات نەبنە بەشێک لە کێشە و ململانێ سیاسییەکان، بەڵکو وەک هێزێکی نیشتمانیی کوردستانی بمێننەوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کۆتاییهاتنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کرد لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک فاکتەری ئارامی و پردی متمانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە.
بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئامانجیان ئەوەیە عێراق و هەرێمی کوردستان نەبنە بەشێک لە ململانێکان، بەڵکو بەشێک بن لە چارەسەر و هاوکاریی هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی هەرێم سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستی کرد بۆ پشتیوانییان لە پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەروەها ڕێز و پێزانینی ئاراستەی مامۆستایان و ڕاهێنەرانی کۆلێژەکە کرد بۆ ئەو ئەرکە پیرۆزەی لە پێگەیاندنی ئەفسەرانی نوێدا ئەنجامیان داوە.