ڕۆژی 19ی مانگی شەشی هەموو ساڵێک لە ئەمەریکا پشووی فەرمیە بۆ بەرزڕاگرتنی یادی کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی و ئازادبوونی ئەفریقاییە ئەمەریکاییەکان.
لەم ڕۆژەدا لە زۆربەی دامودەزگاکان پشووی فەرمییە و یادەکە تەرخان دەکرێت بۆ جەختکردنەوە لەسەر یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی کۆمەڵگای ئەمەریکا، کە بریتییە لەوەی هەموو مرۆڤێک مافی "ژیان و ئازادی و خۆشگوزەرانی" هەیە.
دوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ بەهۆی بەردەوامی کۆیلایەتی ئەفریقاییەکانی ئەمەریکا، سەرۆک ئەبراهام لینکن لە ساڵی 1863 فەرمانی دا بە پووچەڵکردنەوەی کۆیلایەتی لەو ویلایەتانەی باشوور کە لە حکومەتی ئەمەریکا هەڵگەڕابوونەوە . بەڵام هەواڵی ئەو بڕیارە لە هەموو شوێنەکان بە یەک کات نەگەیشت. بۆ نمونە، لە ویلایەتی تەکساس، کە دوورترین ناوچەکانی باشووری وڵات بوو، ئەم بڕیارە درەنگتر گەیشت، بەو هۆیەوە زۆرێک لە خاوەن کۆیلەکان بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی کرێکارانی کۆیلە.
دوو ساڵ دوای دەرچوونی فەرمانەکە، لە بەرواری 19ی شەشی 1865، سەربازانی حکومەتی فیدراڵ گەیشتنە شاری گەڵڤ ستۆن لە تەکساس و ڕایانگەیاند کە کۆیلایەتی کۆتایی هاتووە و هەموو کۆیلەکان ئازادن. بۆیە ئەم ڕۆژە وەک مێژووی ڕاستەقینەی گەیشتنی ئازادی بۆ هەزاران کەس ناسراوە.
ئێستا لە یادی ئەم ڕووداوەدا، لە زۆر شار و ناوچەکانی ئەمەریکا خەڵک کۆدەبنەوە و یادی ئەم بۆنەیە دەکەنەوە بە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی تایبەت، گۆرانی ووتن، ووتار و پێشانگای مێژوویی و چالاکییە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان. هاوکات بنەماڵەکان کۆبوونەوەی تایبەت ئەنجام دەدەن و باس لە مێژووی خۆیان و خەباتی پێشینانیان دەکەن.
هەروەها ئاڵایەکی تایبەت بۆ ئەم ڕۆژە دیاریکراوە، کە پێکهاتووە لە دوو ڕەنگی سەرەکی شین و سور، وە ئەستێرەیەکی سپی لە ناوەڕاستیدایە وەک هێمای ئازادی ئەفریقاییە ئەمەریکاییەکان. تیشکە سپیەکانی دەوری ئەستێرەکە هێمای سەرهەڵدانی ڕووناکی و داهاتوویەکی باشترن. لە کۆتاییشدا کەوانەی ناو ئاڵاکە دەربڕی ئاسۆیەکی نوێ و دەستپێکردنی قۆناغێکی تازەی ئازادییە.
شایەنی باسە، گرنگی ئەم ڕۆژە تەنها یادەوەری ڕابردوو نییە لەلای ئەمەریکاییەکان بەڵکو بیرخستنەوەیەکە بۆ گرنگی ئازادی، یەکسانی و مافە مرۆییەکان.