🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

لە دوزخورماتوو ململانێی سیاسی و تۆمەتی ئەمنی ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان دەکات

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/20 01:32

دەیان خێزانی کورد لە سنووری قەزای دوزخورماتوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین جگە لەوەی ڕێگەیان پێنادرێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە هەمان کاتدا بەشێکیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبییەوە تۆمەتبار کراون و ماددەی 4ی تیرۆریان دراوەتە پاڵ.

لە بەرامبەردا، ئەندامێکی کوردی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین هیوایەک دەبەخشێت و ڕادەگەیەنێت کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خێزانانە دەکەن کە گرفتی ئاسایشییان بۆ دروستکراوە.

​نۆ ساڵ لەمەوبەر و لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی دەسەڵاتی تەواویان لە سنووری ناوچە جێناکۆکەکاندا گرتە دەست؛ هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشێیان کرد و سنوورەکانیان بەجێهێشت، بەو هۆیەشەوە بە سەدان خێزانی کورد لە ترسی پەلاماری هێزەکانی حەشد و سوپای عێراق ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت.

​هاووڵاتییەکی خەڵکی دوزخورماتوو کە ناوی لەلای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، باس لەوە دەکات کە لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەکەی و دەڵێت، "من بۆ خۆم بە ماددەی چواری تیرۆر داواکراوم، خانووەکەمانیان سوتاند، تەقاندیانەوە و دەربەدەریان کردین. تەنها منیش نیم، دەیان کەس وەک من ئاوا دەربەدەرن و لە شارەکانی سلێمانی، کەلار و کفری نیشتەجێین."

​ئەو هاووڵاتییە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە نە پێشمەرگە بووە و نە کاری ئەمنی کردووە، کەچی حەشدی شەعبی بۆ سڕینەوەی ئەو تۆمەتەی داویانەتە پاڵی، داوای بڕی دە هەزار دۆلاری ئەمریکی لێدەکەن.

​برینی کوردانی دوزخورماتوو تەنها لەم چیرۆکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو بە دەیان خێزانی دیکەی ئەم شارۆچکەیە چەندین ساڵە دوور لە خاک و ماڵی خۆیان ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی مەترسییە ئاسایشییەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر گوزەرانی جارانیان.

دەنگی ئەمەریکا لەبارەی هۆکارەکانی پشت نەگەڕانەوەی خێزانە کوردەکان پەیوەندی بە قایمقامی دوزخورماتووەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوو لەو بارەیەوە لێدوان بدات.

​بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و لیژنەی قەرەبووکردنەوەی حکومەتی عێراقی، لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە: ​نزیکەی 1500 خانوو، دوکان و شوێنی بازرگانی تاڵانکراون و سوتێنراون و ​98 خانوو و شوێنی بازرگانی تەقێنراونەتەوە.

​خێزانە کوردەکانیش پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی درێژ دەکەن. بۆیە بەشێکی زۆری خێزانەکان، ئەگەر دۆسیەی ئەمنیش ڕێگر نەبێت لەبەردەم گەڕانەوەیان، ئەوا بێ ماڵ وحاڵی ڕێگرە لە گەڕانەوەیان، چونکە تا ئێستا هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.

​هەڵکەوت ئەمین هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شارۆچکەکە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "کۆمەڵێک خەڵکین خانووەکانمانیان تەقاندووەتەوە و هەر یەکەو لە شارێکین. سەرەڕای ئەوەش ناتوانین بگەڕێینەوە چونکە ئەم دۆخە هەیە؛ دەترسین لە کاتی گەڕانەوەدا تووشی گرفت و کێشەیەکمان بکەن."

وتیشی، "هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەمان ئەوەیە کە بە ماددەی تیرۆر داواکراوین، لە کاتێکدا ئەگەر تاوانمان کردووە، خۆ حکومەتی هەرێم دەتوانێت دەستگیرمان بکات. بۆیە داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر خەت و ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن؛ تا کەی ئێمە ئاوا بین؟ ئێمەش کوڕی ئەم خاکەین."

​گەرچی لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کابینەکانی پێشووی حکومەتی عێراق هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی گەڕانەوەی خێزانە کوردەکان دراوە، بەڵام تا ئێستا چارەسەر نەکراوە.

لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کورد جگە لە پاشەکشێی پێشمەرگە، تەواوی پۆستە ئیداری و ئەمنییەکانیشی لە سنووری دوزخورماتوو لەدەستداوە.

​یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،​"هەر کەسێک یان هەر کەسایەتییەک کێشەیەکی لە بابەتی گەڕانەوەدا هەبێت، یان کێشەیەکی ئەمنی لەسەر بێت، ئێمە دەتوانین کاری بۆ بکەین و ئاسانکاریی بۆ بکەین. ئەوەی لەسەریەتی لە دەزگا ئەمنییەکاندا، ئەگەر شتێکی ناڕاست بێت بەرگری لێدەکەین؛ بەو مەرجەی دۆسیەیەکی تاوانکاری (جنائی) یان تۆمەتێکی بەڵگەیی لەسەر نەبێت کە بڕیاری دادوەری لەسەر بێت، ئەوەیان جیاوازە."

​تەنها خێزانە کوردەکان نین کە لە سنووری دوزخورماتوو بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەیاندا هەیە، بەڵکو بە سەدان خێزانی عەرەبی سوننەش لە سنوورەکانی ناحیەی سلێمان بەگی سەر بە دوزخورماتوو هەمان گرفتیان هەیە و لە ترسی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)