بەغدا - INA- ویسام مەلا
عەباس زاملی، پارێزگاری دیوانیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پارێزگاکە شاھیدی جێبەجێکردنی زنجیرەیەک پڕۆژەی وەرزشییە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێژەی کارکردن لە پڕۆژەی شارۆچکەی وەرزشی و یاریگای ئۆڵۆمپیی "سنبلە" گەیشتووەتە ٧٥٪، ئەمەش دوای ساڵانێک لە سستی و دواکەوتنی کارەکان.
زاملی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "پڕۆژەی شارۆچکەی وەرزشی و یاریگای ئۆڵۆمپیی سنبلە، کە جێگەی نزیکەی ٣٠ هەزار هاندەر دەبێتەوە، یەکێکە لە ستراتیژیترین پڕۆژە وەرزشییەکانی پارێزگاکە. پڕۆژەکە کە لە ساڵی ٢٠١٣وە بەهۆی کۆسپ و سستییەوە ڕاوەستابوو، ئێستا ڕێژەی جێبەجێکردنی گەیشتووەتە ٧٥٪."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: "کەمیی تەرخانکردنی دارایی لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکان هەبووە، سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوام بووە لە کارەکانی"؛ جەختیشی کردەوە کە هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە بەگوێرەی پلانە داڕێژراوەکان بەردەوامن.
پارێزگاری دیوانیە ڕوونیشیکردەوە کە: "پارێزگاکە زیاتر لە ٢٠ یاریگای وەرزشی لەخۆدەگرێت کە توانای لەخۆگرتنی (هەزار بۆ دوو هەزار) هاندەریان هەیە، تا ئێستاش ١٢ یاریگایان بە تەواوی کۆتایی هاتووە. جیا لەوەش چەندین پڕۆژەی دیکە وەک هۆڵی وەرزشی و سەنتەری لاوان لە ناوەندی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان لە قۆناغی جێبەجێکردن دان."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا،زاملی ئاشکرای کرد کە کۆی ژمارەی پڕۆژە وەرزشی و لاوانەکان لە دیوانیە ٣٠ پڕۆژە تێدەپەڕێنێت و زۆربەیان تەواو کراون، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی وەرزشی و پەرەپێدانی کەرتی وەرزش لە پارێزگاکەدا