هەڵەبجە - INA
بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆزینەوەی تەرمی منداڵێک بە ناوی (ڕوقیە) لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا ڕاگەیاند.
زانیار عومەر، وتەبێژی بەرگری شارستانی لە هەڵەبجە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕاگەیاند: "تیمەکانی بەرگری شارستانی، دوای ١٠ ڕۆژ لە پرۆسەی گەڕانی بەردەوام، توانییان تەرمێک لەناو ئاودا بدۆزنەوە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەو منداڵەیە (ڕوقیە) کە لە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا ونببوو."
وتیشی: "دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە دوای هەوڵێکی گەورەی تیمەکانمان هات، بە بەکارهێنانی چەندین ڕێگای گەڕانی جۆراوجۆر و چڕوپڕ."
جێی ئاماژەیە، ئەو منداڵە کە ناوی ڕوقیەیە و خەڵکی پارێزگای کەربەلای پیرۆزە، لە کاتی گەشتێکدا بۆ هەرێمی کوردستان ونببوو، دواتر تیمەکانی بەرگری شارستانی بۆ گەڕان بەدوایدا دەستبەکاربوون کە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو.