عەبدولڕەزاق عوبێدی
له جیهانی سیاسهت و پهیوهندییه نێودهوڵهتییهكاندا، متمانە هێندەی بەخشینیەتی بە دامەزراوەکان و ئەو دیدگایانەی کە توانای دروستکردنی سەقامگیرییان هەیە، بەو ئەندازەیە بە کەسەکان نابەخشرێت. لەم سۆنگەیەشەوە، زۆرێک لە پایتەختە کاریگەرەکان، و لە پێشەنگیشیاندا واشنتۆن، دەڕواننە ئەو کەسایەتییانەی بڕوایان بە دەوڵەت و دامەزراوەکانی هەیە، وەک شەریکێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر و بەتوانا لە پاراستنی سەروەریی خۆیدا.
لەنێو جەرگەی ئەم هاوکێشەیەشدا، ناوی دادوەر "فایق زێدان" وەک کەسایەتییەکی دادوەریی نیشتمانیی دڵسۆز سەر هەڵدەدات، کە ئامادەیی ئەو بەستراوەتەوە بە بیرۆکەی دەوڵەت و سەروەریی یاسا، لە یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژووی عێراقدا. ئەم پیاوە بە بڕواو باوەڕی قووڵی بەوە دەناسرێتەوە کە هێزی عێراق لە هێزی دامەزراوەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت، و دادوەریی سەربەخۆش وەک دەستەبەر و هێڵی دڵنیایی پاراستنی سیستمی دەستووری و چەسپاندنی دادپەروەری دەنوێنێت.
ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە سەقامگیریی دەوڵەتان بەدی نایەت مەگەر کاتێک چەک تەنها بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، و کاتێک دامەزراوە شەرعییەکان قۆرخی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش و جێبەجێکردنی یاسا بکەن. لەم سۆنگەیەشەوە، گرنگیی پڕۆژەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا وەک هەنگاوێکی سەرەکی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەکان و چەسپاندنی شکۆ و سەروەرییەکەی دەرکەوت.
دادوەر فایق زێدان وەک ئەندازیاری ئەم ڕێڕەوە سەیر دەکرێت، ئەمەش لە ڕوانگەی دیدگایەکی نیشتمانییەوە کە پێی وایە عێراق ناتوانێت ڕاست بێتەوە و گەشە بکات مەگەر بە دەوڵەتێکی بەهێزی دادپەروەر، کە تێیدا یاسا لەسەرووی هەموانەوە بێت، و کاروباری وڵاتیش لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە بەڕێوەبچێت، بەدوور لە پشێوی و فرەدەسەڵاتی و فرەیی ناوەندەکانی بڕیاردان.
هەروەها ئەوەی تایبەتمەندی بەم دیدگایە دەبەخشێت، باوەڕبوونە بەوەی کە بڕیاری عێراقی دەبێت بڕیارێکی نیشتمانیی سەربەخۆ بێت، کە عێراقییەکان خۆیان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانیان دروستی بکەن، بەدوور لە فشار و ململانێ و جەمسەربەندییە دەرەکییەکان. عێراق بە قەبارە، مێژوو و پێگەی هەرێمیی خۆیەوە، شایستەی ئەوەیە کە خاوەنی بڕیاری خۆی بێت، و پهیوهندییه دهرهكییهكانی خۆی لەسەر بنەمای هاوسەنگی، بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەری بنیات بنێت.
لەکاتی بەردەوامیی ئالنگارییەکانی ئێستادا، دەوڵەتی دامەزراوەکان وەک ڕێگایەکی ئارام بەرەو ئایندە دەمێنێتەوە، و دادوەریی سەربەخۆ و کاراش وەک یەکێک لە گرنگترین کۆڵەکەکانی پاراستنی دەوڵەت، چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی دەستوور دەمێنێتەوە.