ههولێر - INA
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
نووسیگهی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی ههرێم لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه :"لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە بە ئامادەبوونی ئەندرو بیزلی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە باڵیۆزی بەریتانیا کرد بەهۆی سەردانکردنی لالش و ئەلقوش و ئاگاداربوون لە دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی ئێزدی و مەسیحی لە ناوچەکەدا.
دواتر باس لە حکومەتی نوێی عیراق کرا، هەر دوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردن لەم حکومەتە و جەختکرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەم قۆناغەدا. هەروەها بە پێویست زانرا هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ گەشەپێدانی ئابووری عیراق و باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.
لە تەوەرێکی دیکە باس لە دۆخی ناوچەکە کرا و بە گرنگییەوە باس لە رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران کرا. هەردوولا هاوڕابوون ئەم رێککەوتنە دەرفەتێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە و کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئاسایش و سەقامگیری هەموو ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان و لابردنی ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەت کرایەوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە کۆبوونەوەکەی رۆژی رابردوو لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سوریا و بە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری وەسف کرد و تیایدا سەرۆکی یەکێتی سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمەوە بۆ نێردەی سەرۆکی ئەمریکا روون کردەوە.