🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

ئەنجومەنی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت: دیدگای (20-35) ئامانجی نوێکردنەوەی 30 یاسای ئابووری و دەرکردنی 7 یاسای نوێیە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/16 21:38

بەغداد – INA

ئەنجومەنی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە دیدگای (20-35)ی ئەنجومەنەکە ئامانجی نوێکردنەوەی 30 یاسای ئابووری و دەرکردنی (داڕشتنی) 7 یاسای نوێیە.

ئەنجومەنی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌: "ئەنجومەنی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت کۆبوونەوەیەکی بەست بە ئامادەبوونی یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP)، عەبدوڵڵا ئەلدەردەری، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێگاکانی بوژانەوەی کەرتی ئابووری لە عێراقدا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق عادل عەکاب، و نوێنەری ڕابیتەی بانکەکانی عێراق و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە – جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنەکە، عەبدوڵڵا جبووری رایگەیاند: "عێراق چووەتە قۆناغێکی نوێی چاکسازیی ئابوورییەوە لە ڕێگەی ڕاگەیاندنی دیدگای (20-35) کە ئامانجی نوێکردنەوەی (30) یاسای ئابووری و دەرکردنی (7) یاسای نوێیە، بە جۆرێک کە ڕۆڵی کەرتی تایبەت بەهێز بکات و هانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بدات، و وڵات بخاتە سەر ڕێڕەوی دوورکەوتنەوە لە ئابووریی ڕەیعی (پشتبەستوو بە نەوت)".

جبووری وتیشی: "ئەنجومەنەکە بە هەماهەکـنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی وەزیران و لایەنە یاسادانەرەکاندا دەستی بە هەنگاوی گەورە کردووە بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی یاسایی کە پاڵپشتی لەم دیدگا نوێیە بکات"، ئاماژەی بەوەش دا کە "ئەم چاکسازییانە دەبنە خاڵێکی وەرچەرخانی سەرەکی لە کاروانی گەشەپێدانی ئابووریدا".

لەلایەکی دیکەوە، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنەکە، محەمەد سادق هەر جەختی کردەوە کە "چاکسازیی ئابووری لە چاککردنی سیستمی یاساییەوە دەستپێدەکات"، سەرنجیشی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە "عێراق لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا 15%ی توانای بەرهەمهێنانی خۆی لەدەستداوە بەهۆی لاوازیی یاساکان و دژبەیەکبوونیان، ئەمەش پێویستی بە بڕیاری سیاسیی بوێرانە هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم وەرچەرخانە".

لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، عەبدوڵڵا ئەلدەردەری ستایشی "ئەو هەوڵانەی کرد کە لە پێناو بەدیهێنانی پێشکەوتن و پەرەپێدانی کەرتی تایبەتدا دەدرێن"، و بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەتی لە لێژنە پەرلەمانییە تایبەتەکان بە تاوتوێکردنی یاسا ئابوورییەکان، وەک "هەنگاوێکی بنەڕەتی و جەوهەری دانا بۆ دەستەبەرکردنی ڕۆڵێکی کاریگەر بۆ کەرتی تایبەت لە داڕشتنی داهاتووی ئابووریی عێراقدا".

ئەلدەردەری جەختیشی لەسەر "پێویستیی دەرکردنی ئەم دیدگایە بە یاسایەکی فەرمی کردەوە بۆ ئەوەی ببێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ وەبەرهێنان"، هاوکات بیرۆکەی کۆکردنەوەی بانکە حکومییەکانی لە چوارچێوەی یەک "بانکی نیشتمانی بۆ گەشەپێدان"دا خستەڕوو، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی دارایی پڕۆژەکان، لە پاڵ دامەزراندنی سندوقەکانی وەبەرهێنان بە پشکەکان و دەرکردنی سەنەداتی پڕۆژەکان.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)