سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بەڵێنی هاوکاری زیاتری بۆ ئۆکراینا دەربڕی و هانی ڕووسیای دا "ڕێککەوتنێک بکات" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دژ بە ئۆکراینا.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت لە شاری ئیڤیان لە فەرەنسا دیداری لەگەڵ چەندین سەرکردە ئەنجام دا.
سەرۆک ترامپ لە دیدارەکاندا جگە لە جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، هەروەها ڕایگەیاند ڕووسیا لە شەڕی دژ بە ئۆکراینا زیانی زۆری بەر کەوتووە و دەبێت ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بەشەڕەکە ئەنجام بدات.
ترامپ ڕایگەیاند، "ڕووسیا دەبێت ڕێککەوتنێک بکات؛ ڕووسیا زیانی زۆری بەرکەوتووە، ئۆکرایناش بە هەمان شێوە. مانگی ڕابردوو 35 هەزار سەرباز لە نێوان هەردوو وڵات گیانیان لەدەست دا."
سەرۆکی ئەمەریکا لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەمیری قەتەر تەمیم بن حەمەد تەحانی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن گفتوگۆی کردووە و ئەمڕۆ سێشەممەش لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمێر زێڵینسکی کۆبووەتەوە، وە بڕیارە هەر ئەمڕۆ جارێکی تر لەگەڵ زێڵینسکی دابنیشێت.
ترامپ شەڕەکەی بە "شێتانە" ناوبرد و ڕایگەیاند، "ئەوان بەردەوامن لە شەڕکردن و لەدەستدانی سەربازەکانیان؛ سەربازی زۆریان لەدەست داوە. من هەشت شەڕم کۆتایی پێ هێنا، وامزانی کۆتاییهێنان بەم شەڕە لە هەموویان ئاسانتر دەبێت، بەڵام رقێکی زۆر لەنێوان سەرکردەی هەروو وڵاتدا هەیە."
سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە "ئەوەی لەدەستم بێت دەیکەم."
هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی ئەمەریکا لە هەوڵدان کۆبوونەوەکانی گرووپی حەوت بەکار بهێنن بۆ زیادکردنی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکراینا.
سەرۆک ڤلۆدیمێر زێڵینسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکاندا هەوڵدەدات هاوکاری زیاتر بۆ وڵاتەکەی بەدەست بهێنێت، بەتایبەت لە پرسی بەرگری ئاسمانی و ئامادەکرای بۆ وەرزی زستان.