بەغداد- INA
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییە گشتییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، پڕۆژەی ئاوەڕۆی قەزای ڕیفاعی لە پارێزگای زیقار کردەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه: "وەزارەت لە ڕێگەی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاوەڕۆکان، عیماد تۆفیق ئال میرزا، پڕۆژەی وێستگەی چارەسەرکردنی قەزای ڕیفاعیی کردەوە، کە بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژە ستراتیژییەکان لە پارێزگای زیقار دادەنرێت، ئەمەش بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی حکومەتی خۆجێیی".
ههروهها ئاماژهی بهوهیش كردووه كه: "پڕۆژەکە بە توانای دیزاینکراوی (25000) مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا کاردەکات، لەسەر ڕووبەری (50) دۆنم، و خزمەت بە نزیکەی (250) هەزار کەس دەکات، هەروەها پڕۆژەکە وێستگەیەکی بەرزکردنەوەی ئاوی قورس (ئاوەڕۆ) و هێڵێکی گوێزەرەوە بۆ بەتاڵکردنەوەی ئاوە چارەسەرکراوەکە بۆ ناو ڕووباری غەراف لەخۆدەگرێت".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە پڕۆژەکانی گەشەپێدانی بەردەوام دادەنرێت، چونکە بەشدار دەبێت لە باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ژینگەیی، و کەمکردنەوەی گوشار لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی دووبارە بەکارهێنانەوە و چارەسەرکردنی ئاوی قورس و گونجاندنی بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵی".