🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

عەتەبەی عەلەویی پیرۆز: زیاتر لە ٨٠٠ مەوکب بۆ زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕەمی حەرام تۆمارکران

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/16 14:29

نەجەفی ئەشرەف - INA – حەیدەر فەرمان

عەتەبەی عەلەویی پیرۆز، ئەمڕۆ سێشەممە، تەواوبوونی سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ پێشوازیکردن لە مانگی موحەڕەمی حەرام ڕاگەیاند، هاوكات ئاماژەی بە تۆمارکردنی زیاتر لە ٨٠٠ مەوکب (دەستەی ماتەمینی و خزمەتگوزاری) کرد بۆ زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی ئەم مانگە.

جەعفەر بدێری، جێگری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە عەتەبەی عەلەویی پیرۆز، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "عەتەبەی عەلەویی پیرۆز پلانێکی گشتگیری بۆ پێشوازیکردن لە مانگی موحەڕەمی حەرام دارشتووە، کە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان لەخۆدەگرێت بۆ دانانی ڕێوشوێنی تەواوەتی ئەمنی، تەندروستی, خزمەتگوزاری و ڕاگەیاندن، بە شێوەیەک کە توانای لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی زیارەتکاران و مەوکبە ماتەمینییانەی هەبێت کە لەم بۆنەیەدا ڕوو لە نەجەفی ئەشرەف دەکەن".

ئەوەشی وت: "ئامادەکارییەکان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هەماهەنگی لەگەڵ دەستە و مەوکبەکانی ماتەمینی (المشق) لە نەجەفی ئەشرەف بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی عەتەبەی پیرۆز لەخۆگرتووە، جگە لە کۆبوونەوەی تر لەگەڵ شاعیران و ڕادۆدەکندا، ئەمەش لە پێناو مسۆگەرکردنی ڕێکخستنی شعائرە حوسێنییەکان و بەڕێوەبردنیان بە شێوەیەکی نەرم و ئاسان"، ڕوونیشی کردەوە کە "هەماهەنگییەکی باڵا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی قەرەباڵغی مرۆیی (الحشود) و ڕێکخستنی جووڵەی هاتنەناوەوە و چوونەدەرەوەی مەوکبەکان لە دەوروبەری عەتەبەی پیرۆزدا، لەگەڵ دابینکردنی پاڵپشتی پێویستی ئەمنی، تەکنیکی و خزمەتگوزاری".

بدێری ئاماژەی بەوەش کرد کە "عەتەبەی عەلەویی پیرۆز ئامادەکارییەکانی خۆی تایبەت بە ماتەمینی مەشخەڵەکان (عزاء المشاعل) و ماتەمینی گەورەی ساڵانە (تەرفی عەمارە) تەواو کردووە، ئەمەش لە ڕێگەی ئامادەکردنی زەوییەکان و ڕاخستنی ئەو خۆڵەی کە بۆ ڕێوڕەسمەکە تەرخانکراوە، لەگەڵ ئامادەکردنی سەکۆکان، ڕووناکی و سەرجەم پێداویستییە تەکنیکییەکان، لە پاڵ بڵاوکردنەوەی مەفرەزەکانی فریاگوزاری خێرا و دابینکردنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر بۆ زیارەتکاران".

ڕوونیشی کردەوە کە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاگەیاندن لای خۆیەوە کارئاسانی پێویست بۆ کادرانی ڕاگەیاندن دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی دابینکردنی باج و مۆڵەتی تایبەت بە هاتنەناوەوە و ڕووماڵکردنی میدیایی، جگە لە ئامادەکردنی شوێنەکانی کارکردن و پێداویستییە لۆجستییەکان بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە گواستنەوەی کەشی بۆنەکە بە شێوازێکی پرۆفیشناڵ"، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا کە "سەرجەم بەشەکانی عەتەبەی عەلەویی پیرۆز چوونەتە دۆخی ئامادەباشی تەواوەتی، لەوانەش بەشەکانی پاراستنی نەزم و یاسا، میوانخانەی زیارەتکاران، سەنتەری پزیشکیی پێغەمبەری ئەعزەم (ص)، کاروباری خزمەتگوزاری، دەستەی مەوکبەکان، ڕاگەیاندن، وەبەرهێنان، و کاروباری ئەندازیاری، ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پلانی خزمەتگوزاری و ڕێکخستنەکە".

ئەوەشی خستەڕوو کە "مەجلیسەکانی ماتەمینی ڕۆژانە لە ماوەی دە ڕۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەمدا لە سێ کاتدا بەڕێوەدەچن؛ بەیانیان، نیوەروان، و ئێواران دوای نوێژی مەغریب، و چالاکییە ماتەمینییەکانیش لە ڕۆژانی تری مانگەکەدا بەپێی بەرنامەی پێشوەختە ئامادەکراو بەردەوام دەبن"، ڕوونیشی کردەوە کە "عەتەبەی پیرۆز هەماهەنگی لەگەڵ خۆبەخشانی خزمەتگوزاریدا (المتشرفين بالخدمة) کردووە بۆ سوودوەرگرتن لە تواناکانیان لە کاتەکانی لۆد و لوتکەدا، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە ڕێکخستنی جووڵەی زیارەتکاران و مەوکبە ماتەمینییەکان لە ناو حەرەمی عەتەبە و دەوروبەریدا".

سەبارەت بەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە زیارەتکاران دەکەرێن، بدێری دووپاتی کردەوە کە "عەتەبەی عەلەوی خاوەنی سیستمێکی ساردکەرەوەی ناوەندیی تەواوە لە ناو حەرەمی شەریفدا، جگە لە بڵاوکردنەوەی ساردکەرەوە گەورەکان لە گۆڕەپانە دەرەکییەکان، حەوانەوەی زیارەتکاران و دەروازەکانی هاتنەناوەوەی مەوکبەکان، لە پاڵ ئامادەکردنی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی ساردکراوە و دابینکردنی خزمەتگوزاری جۆراوجۆر کە ئارامیی زیارەتکاران و مەوکبەکان مسۆگەر بکات".

لەلایەکی ترەوە، بەڕێوەبەری بەشی ڕێوڕەسم و سەردانە ملیۆنییەکان، حەیدەر کەبون، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند: "بەشەکە ساڵانە ڕاهاتووە لەسەر کردنەوەی دەرگای تۆمارکردنی ئەو مەوکبە حوسێنییانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن لە شاری کۆن (المدينة القديمة) و ئەو گەڕەکانەی دەورادەوری سەنتەری شاری نەجەفی ئەشرەفیان داوە".

وتیشی: "ژمارەی ئەو مەوکبانەی تا ئێستا تۆمارکراون گەیشتووەتە ٢١٠ مەوکبی خزمەتگوزاری، ٣٤٠ مەوکبی وەشاندنی قەمە (تەتبیر)، ١٣٥ مەوکبی مشق، جگە لە ١٢٧ مەوکبی مەشخەڵەکان"، هاوكات داوای لە خاوەن مەوکبەکان کرد کە "پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێکارەکانی تۆمارکردن وەک ئامادەکارییەک بۆ زیندووکردنەوەی ڕێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕەمی حەرام".

ئۆمژەی بەوەش کرد کە "بەشەکە بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکاندا، لەوانەش تەندروستی، شارەوانی و کارەبا، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مەوکبە حوسێنییەکان"، جەختیشی کردەوە کە "تیمی گەڕۆک هەن کە لە مەیداندا کاردەکەن بۆ چاودێریکردنی داواکارییەکانی مەوکبەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و هاوکاری پێویست بە شێوەیەک کە سەرکەوتنی ڕێوڕەسمەکانی ماتەمینی و زیندووکردنەوەی شعائرە حوسێنییەکان مسۆگەر بکات".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)