بەغداد - INA
عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فاڵح ساری، وەزیری دارایی، جەختی لەسەر پێویستیی بەدواداچوون بۆ مەلەفی پڕۆژە حوکمییە ڕاگیراوەکان و دۆزینەوەی چارەسەری واقیعی بۆ دەستەبەرکردنی تەواوکردنیان کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا، ئاماژەی بەوە کردووە: "عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئهمڕۆ دووشەممە لە شوێنی حەوانەی خۆی، پێشوازی لە فاڵح ساری، وەزیری دارایی کرد، بە ئامادەبوونی پەرلەمانتار عەلی شەداد. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی دارایی و ئابووری وڵات و بەدواداچوون بۆ چەند مەلەفێکی ستراتیژیی پەیوەندیدار بە چاکسازیی دارایی و کارگێڕی کرا، وێڕای تاوتێکردنی لایەنە یاساییەکان کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوە گشتییەکان و پاڵپشتیکردنی ڕەوتی گەشەپێدانی بەردەوام."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فەیحان پەرۆشیی خۆی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی پاکێجێکی چاکسازی بەتایبەت لە بواری پاراستن و بەڕێوەبردنی داراییە بێدەنگەکانی (عەقارات) دەوڵەت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بەو پێیەی یەکێکە لە مەلەفە زیندووەکانی پەیوەست بە پاراستنی ماڵی گشتی. هەروەها داوای کردووە قەرزەکانی بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی بەشێکی تایبەت بە ناوی (گەشەپێدانی بەردەوام) لە بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا بەکاربهێنرێن، و دووبارە داڕشتنەوە بۆ خەرجییە گشتییەکان بکرێت بە جۆرێک کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و بەرزکردنەوەی داهاتە نا نەوتییەکان، لەگەڵ پشتبەستن بە سیستمی ئەلیکترۆنی لە کۆکردنەوەی باج و ڕسوماتدا بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.
فەیحان جەختیشی لەسەر پێویستیی بەدواداچوونی مەلەفی پڕۆژە حوکمییە ڕاگیراوەکان کردەوە، لەگەڵ دۆزینەوەی چارەسەری واقیعی بۆ دەستەبەرکردنی تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی شیاوی جێبەجێکردنن، و هەڵسەنگاندنی سوودی بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی تر، بە ئامانجی ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان و پاراستنی ماڵی گشتی. هەروەها جەختی لە کارکردن بۆ دەرکردنی یاسای لێخۆشبوونی باج بۆ کەمداهاتەکان، و بەردەوامبوون لە هەموارکردن و دەرکردنی یاسای پاراستن و بەڕێوەبردنی مۆڵک و ماڵی دەوڵەت و یاسای یەکگرتووی گرێبەستە حکومییەکان کردەوە، بە جۆرێک کە بەشدار بێت لە کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەتی فیدراڵی و چەسپاندنی بنەماکانی بەڕێوەبردنی دروستی ماڵی گشتی.
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دارایی گرنگترین نیشاندەرە داراییەکان و ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی کاری وەزارەت دەبنەوە، لەگەڵ پلانەکانی حکومەت بۆ پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی دارایی و بەهێزکردنی سەقامگیری ئابووری خستەڕوو. دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەت پەرۆشە بۆ بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەواوکردنی ئەو چاکسازییە دارایی و یاساییانەی کە داواکراون، بە شێوەیەک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستادا بگونجێت و خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام بکات.